هاووڵاتییەكی سلێمانی: دڵخۆش و ئاسودەین بە هاتنی مەسروور بارزانی بۆ شارەكەمان

:: PM:09:54:08/07/2024 ‌

هاووڵاتییانی سلێمانی ئاماژە دەكەن كە دڵخۆشن بەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی ئەوانی كردووە و راستەوخۆ گوێی بۆ داخوازی و داواكانیان گرتووە، دووپاتی دەكەنەوە، سەردانەكە گەواهیدەری ئەو راستیەیە كە مەسروور بارزانی، خەمخۆری هاووڵاتییانی تەواوی هەرێمی كوردستانە و هەموو هەوڵەكانیشی تەنیا بۆ خزمەتكردنی خەڵكە.

لەمبارەیەوە سامان فارس، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، دانیشتنی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ چین و توێژەكانی سلێمانی و دەوروبەری و گوێگرتن لە داواكاری و رەخنەكانیان، گەواهیدەری ئەو راستیەیە كە ئەو خەمخۆری هەموو هاووڵاتییانی كوردستانە. 

روونی كردەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی هەمووانە سەرۆكی حكوومەت وەك سەرۆكی هەموو خەڵكی كوردستان مامەڵە و هەڵسوكەوت دەكات، نەك تەنیا سەرۆكی زۆنێك یان ناوچەیەك هەموو هەرێمی كوردستان بە ماڵی خۆی دەزانێت، ئەمەش بەڵێنی خۆی بوو كە لە سەرەتای دامەزرانی كابینەی نۆ بە خەڵكی كوردستانی دا، كە ئەم كابینە بێ جیاوازی رەنگ و دەنگ خزمەتكاری هاووڵاتییانی خۆی بێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، سەرەڕای بەربەست و رێگرییەكانی بەردەم ئەم كابینەیە، بەڵام سەرۆكی حكوومەت لە خزمەتكردن و هەوڵدانی بۆ خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان نەوەستاوە بەردەوام لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بووە، دانیشتنی راستەوخۆی سەرۆكی حكوومەتیش لەگەڵ هاووڵاتییان و بەتایبەتی خەڵكی سلێمانی، نیشانەی راستگۆیی و راشكاوی و خەمخۆرییانە، بۆیە بەمجۆرە دانیشتنانە متمانەی هاووڵاتییان بە حكوومەتەكەیان زیاتر دەبێت.

هەر لەمبارەوە شوان رەحمان، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كارێكی باش و بەجێیە كە سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ هاووڵاتییان دابنیشێت و گوێ لە داخوازی و رەخنەكانیان بگرێت و بۆچوونیان وەرگرێت، بەتایبەتی لەكات و ساتێكی وا كە دۆخی ناوچەكە و ناوخۆی عێراق و كوردستان ئاڵۆزە و لیكەوتەكانی دلخۆشكەر نین.

روونی كردەوە، لەم كاتەدا بۆ خەڵك گرنگە سەرۆكی حكوومەت راستەوخۆ گفتوگۆ و دیالۆگی رووبەڕوو لەگەڵ هاووڵاتییان بكات و راستەوخۆ چ گلەیی و گازندەیەكیان هەیە ئاراستەی  سەرۆكی حكوومەتی بكەن، ئەمە ئەوپەڕی دیموكراسی و ئازادی و دەستكەوتە بۆ سەرۆكی حكوومەت و كارێكی بەرهەمدارە بۆ حكومڕانییەكەی.

پێوەست بەو بابەتە بەختیار محەمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و بە "وشە" ئاماژە دەكات، دڵخۆش و ئاسودەین بە هاتنی مەسروور بارزانی بۆ شارەكەمان، تا ئێستە لەم جۆرە گفتوگۆ و دیالۆگ و دیدارە راستەوخۆیانە لە مێژووی حكومڕانیی كوردیدا نەبووە و نەكراوە، كە ئاوا سەرۆكی حكوومەت بێتە ناو خەڵك و بەبێ هیچ بەربەست و پەردەیەك گوێ لە داوا و خواستەكانی خەڵكی كوردستان بگرێت، ئەمەش جوانترین مامەڵەیە كە تا ئێستە بەرانبەر بە خەڵك كراوە، بۆیە هیواخوازین لەم جۆرە كار و چالاكییانە بەردەوام بێت، كە مەبەست لێی خزمەت و بەرژەوەندیی خەڵكییە.

جێی باسە لە دیدارێكی لەگەڵ چین و توێژەكانی شاری سلێمانی، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ و هەستیاری هاووڵاتییانی ئەو شارەی بەڕاشكاوی دایەوە، ئەمەش كاردانەوەی لەناو خەڵكدا دروست كرد و ئەوان پێیان وایە سەرۆك وەزیران توانیویەتی ئەو بەربەستەی نێوان هاووڵاتییان و حكوومەت بشكێنێت.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل