زۆربه‌مان پێمان وایه ته‌نیا ناوچه‌ی 51 له ئه‌مه‌ریكا هه‌یه كه رێ نادرێت هیچ كه‌سێك سه‌ردانی بكات، ناوچه‌یه‌ك كه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پارێزگاریی لێ ده‌كرێ و كه‌س هۆكاری ئه‌و رێگرییه نازانێت. پێنج شوێنی تریش هه‌ن پڕنهێنین و كه‌س بۆی نییه سه‌ردانیان بكات.
دوورگه‌ی سه‌نتینه‌لی باكور
یه‌كێك له‌و شوێنانه دوورگه‌ی سه‌نتینه‌لی باكوره كه كه‌وتووه‌ته كه‌نداوی به‌نگال، گۆشه‌گیرترین خه‌ڵكی دنیا له‌م شوێنه ده‌ژین و هۆزه‌كانی ئه‌و شوێنه، پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر نییه و دوژمنی بێگانه‌ن، ئه‌وان زۆر شێلگیرانه به‌رگریی له دوورگه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و رێ به هیچ كه‌سێك ناده‌ن بچێته دوورگه‌كه‌یانه‌وه.
دواین جار كه كه‌سێك ویستبێتی بچێته ئه‌م دوورگه‌یه، بۆ ساڵی 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه
دواین جار كه كه‌سێك ویستبێتی بچێته ئه‌م دوورگه‌یه، بۆ ساڵی 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وكات بانگخوازێكی مه‌سیحی ویستی خۆی بگه‌یه‌نێته دوورگه‌كه به‌و ئامانجه‌ی خه‌ڵكی دوورگه‌كه بێنێته سه‌ر ئاینی مه‌سیحی، به‌ڵام به‌ر له گه‌یشتنی به دوورگه‌كه كوژرا.
سه‌نتینه‌لییه‌كان ناخوازن هیچ كه‌سێكی بێگانه له دوورگه‌كه‌یان نزیك بكه‌وێته‌وه و پێیان وایه ئه‌گه‌ر شتی وا روو بدات، ئه‌وا نه‌خۆشی و ڤایرۆس بۆ هۆزه‌كه‌یان ده‌گوازرێته‌وه و له‌ناو ده‌چن.
پۆلیسی كه‌نارئاوییه‌كانی هیندستان به‌رده‌وام له نزیك ئه‌و شوێنه چاودێری دۆخه‌كه ده‌كات و هاووڵاتییان و گه‌شتیاران له چوون بۆ ئه‌و دوورگه‌یه ئاگادار ده‌كاته‌وه.
كۆگه‌ی به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی ڤاتیكان
كۆگه‌ی به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی ڤاتیكان دووه‌م شوێنه كه سه‌ردانكردنی قه‌ده‌غه كراوه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 17 پاپاكانی مه‌سیحی به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌ڵگه‌نامه‌كان، ئه‌و شوێنه‌یان بنیات نا و بۆ ماوه‌ی 250 ساڵ رێوشوێنێكی زۆر توند گیرایه‌به‌ر و رێ نه‌درا هیچ كه‌سێك سه‌ردانی بكات.
ساڵی 1881 پاپا لیۆی سێزده‌یه‌م بڕیاری دا ته‌نیا رێ به گرووپێكی هه‌ڵبژێراو له زانایانی كاسۆلیك بدرێ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه بكه‌ن. به‌و پێیه نه رۆژنامه‌نووسان و نه هیچ كه‌سێكی ئاسایی تر بۆیان نییه سه‌ردانی كۆگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڤاتیكان بكه‌ن.
كۆگه‌ی دانه‌وێڵه‌ی رۆژی قیامه‌ت
ئه‌و شوێنه به كۆگه‌ی جیهانیی دانه‌وێڵه‌ی سوالبارد ناسراوه، كه‌وتووه‌ته دوورگه‌یه‌كی زۆر دوور له كۆمه‌ڵه دوورگه‌كانی سوالبارد له نه‌رویج و 100 كیلۆمه‌تر له جه‌مسه‌ری باكور دووره.
له‌و شوێنه پارێزگاری له ملیۆنێك و 300 هه‌زار جۆر تۆ‌و و دانه‌وێڵه ده‌كرێت، ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشی، وشكه‌ساڵی و كاره‌ساته‌كانی تری ژینگه و گۆڕانكارییه‌كانی پله‌ی گه‌رمای زه‌وی، پارێزگاری‌یان لێ بكرێت.
به‌گوێره‌ی
یۆرۆنیوز، كۆگه‌كه له قووڵایی 100 مه‌تر له ناو چیایه‌كدا بنیات نراوه، به‌رانبه‌ر بوومه‌له‌رزه خۆراگره و ته‌نانه‌ت هێرشی ئه‌تۆمی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوی ده‌ریاش هیچ كاریگه‌رییه‌ك ناخاته سه‌ری و له به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره باكتریایه‌كیش پارێزراوه.
دوورگه‌ی ماره‌كان
دوورگه‌ی ماره‌كان كه به زمانی پورتوگالی به دوورگه گه‌وره سووتاوه‌كه‌ش ناسراوه، كه‌وتووه‌ته زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی و 33 كیلۆمه‌تر له كه‌نداوی سائۆپائۆلۆ دووره، ئه‌و ناوچه‌یه 11 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له به‌رازیل جیا بووه‌ته‌وه و له‌و كاته‌وه بووه‌ته شوێنێكی له‌بار بۆ ژیانی ماره‌كان، زۆر جۆری ماری مه‌ترسیدار له‌و دوورگه‌یه ده‌ژین.
جۆرێك مار له‌و دوورگه‌یه هه‌یه كه به ماری سه‌رنێزه‌ی زێڕین ناسراوه، ژه‌هره‌كه‌ی ده‌بێته هۆی توانه‌وه‌ی گۆشتی مرۆڤ و له ماوه‌ی كه‌متر له سه‌عاتێك مرۆڤ ده‌كوژێت.
ساڵی 1920 خۆی و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌هۆی پێوەدانی ماره‌كانه‌وه مردن
به‌پێی ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆن، دواین كه‌س كه له‌م دوورگه‌یه ژیابێت، كه‌سێك بووه كه به فانۆس و چرا رێنوێنیی كه‌شتییه‌كانی كردووه و له ساڵی 1920 خۆی و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌هۆی پێوەدانی ماره‌كانه‌وه مردن، له‌و كاته‌وه مار به ته‌واوی كۆنترۆڵی دوورگه‌كه‌یان كردووه.
به‌پێی راپۆرتێك له هه‌ر مه‌ترێكی دووجا له‌م دوورگه‌یه مارێك هه‌یه، به‌رازیل چوون بۆ ئه‌و دوورگه‌یه‌ی قه‌ده‌غه كردووه و ته‌نیا زانایان نه‌بێت، ئه‌ویش به مه‌رجی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پزیشك و پێداویستیی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن، بۆیان هه‌یه سه‌ردانی دوورگه‌كه بكه‌ن.
كه‌نیسه‌ی مه‌ریه‌می پیرۆزی سه‌هیۆن
كه‌نیسه‌ی مه‌ریه‌می پیرۆزی سه‌هیۆن له ئه‌سیۆپیا، شوێنێكه به‌بۆچوونی هه‌ندێك كه‌س ''سندووقی په‌یمان''ی لێیه.
به بۆچوونی كریستیانه‌كانی ئه‌سیۆپیا، شاژنه سه‌با فه‌رمانڕه‌وایه‌ك بووه به‌مه‌به‌ستی بینینی سلێمان پاشای پێغه‌مبه‌ر كه به پاشای جووه‌كان ناسراوه، له قورئانیشدا وه‌ك پێغه‌مبه‌ر ناوی هاتووه، سه‌ردانی ئورشه‌لیمی كردووه تا چاوی پێی بكه‌وێت.
به‌پێی ئه‌و چیرۆكه سلێمان پێغه‌مبه‌ر و شاژنه سه‌با منداڵێكیان ده‌بێت كه به مه‌نلیلی یه‌كه‌م ناو ده‌برێت، كه‌سێكه كه ''سندووقی په‌یمان'' ده‌باته ئاكسۆم، به بۆچوونی مه‌سیحییه‌كان سندووقی په‌یمان بریتییه له تابلۆ یان نووسراوه‌یه‌ك كه خوا به حه‌زره‌تی مووسای داوه، 10 فه‌رمان و په‌یامی خواوه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و تابلۆیه نووسراوه. هیچ كه‌سێك ناتوانێت سه‌ردانی ئه‌و شوێنه بكات و به پارێزراوی ماوه‌ته‌وه.