هۆشداریی بە بەساڵاچووان و نەخۆشانی دڵ لە گەرمای هاوین دەدرێت

:: PM:02:32:09/07/2024 ‌
كۆمەڵەی ئەمەریكایی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، هۆشداریی داوەتە هەموو ئەوانەی كێشەی دڵ و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە، هاوكات بەساڵاچووان و تەنانەت منداڵانیش، خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن كە ئێستە مردن بەهۆی گەرماوە بەراورد بە پێشتر هەڵكشاوە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو رێكخراوە تەندروستییە ئەمەریكییە، كاتێك پلەكانی گەرما لە هاوین بەرز دەبێتەوە و لەگەڵیدا رێژەی شێش بەهەمانشێوە بەرز دەبێتەوە، لەسەر هەموو ئەوانەی كێشەی دڵ و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە، هاوكات بەساڵاچووان و تەنانەت منداڵانیش، خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن كە زۆر مەترسیدارە.

رێكخراوە ئەمەریكییەكە دووپاتی كردەوە كە بەهۆی گەرماوە ساڵانە بەلای كەمەوە هەزاران كەس گیان لە دەست دەدەن. رێكخراوەكە ئامارێكی دروستی لەبارەی مردن بەهۆی گەرماوە بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام بە هۆكارێكی رژدی مردنی دەزانێت.

جۆزیڤ وۆ سەرۆكی رێكخراوەكە رای گەیاند، ئاستی مردن بەهۆی گەرمای هاوین زۆر زیاتر هەڵدەكشێ ئەگەر خۆپارێزی نەكرێت. ئەو پزیشكە لەڕێی پێگەی ئەلیكترۆنیی "هێڵس تودەی" قسەی كردووە و دەڵێ، رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە گەرمای هاوین، نەك هەر ئەوانەی بەساڵاچوون و ئەوانەی تووشی نەخۆشیی دڵ بوون، بەڵكو منداڵانیش دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی جیا لەوانە، تەنانەت ئەوانەی تووشی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن دەبن، یان ئەوانەی كێشیان زۆرە و قەڵەون، دەبێ بەهەمانشێوە خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن.

توێژینەوەیەكی نوێ كە گۆڤاری بڵاوی كردووەتەوە و سەربە رێكخراوە ئەمەریكییەكەیە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر بۆ ئەم هاوینەیش خۆپارێزیی زیاتر لە گەرما نەكرێت، ئاستی مردن دوو بارتەقای ساڵانی پێشتر بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و دەمارەكانیان هەیە.

دواتریش رێكخراوەكە ئامۆژگاریی نەخۆشان دەكات كە هەرچی پێیان دەكرێ، بەردەوام بچنە ناو شوێنە كراوەكان، بەتایبەتی لە نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆیش، چونكە ئەوكاتە تینی هەتاو لەوپەڕی بەهێزیدایە، هاوكات هەوڵ بدەن جلوبەرگی تەنك بپۆشن و هاوكات جلەكانیشیان باشترە لە لۆكە بێت، جیالەوەی كڵاو و چاوێلكە بەكار بێنن بۆ خۆپارێزی لە گەرما و تیشكی هەتاو.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د