بەرپرسێكی باڵای حزبوڵای لبنانی كوژرا

:: PM:05:05:09/07/2024 ‌

ئەمڕۆ سێشەم دوو ئەندامی حزبوڵای لبنانی لە سووریا بەهۆی بۆردمانی درۆنێكی ئیسرائیلی لە نزیك دیمەشق كوژران، یەكێكیان هاوەڵێكی پێشووی نزیكی حەسەن نەسروڵایە، بەوەش ئیسرائیل لە گوشارەكانی بۆ سەر حزبوڵا بۆ ناچاركردنی بۆ وەستانی هێرشەكانی لە سنووری لبنانەوە بەردەوامە.

بەپێی هەواڵەكان یەكێك لەو دوو كوژراوەی حزبوڵای لبنانی كە لە نزیكی خاڵێكی تەناهیی فرقەی چوار لەسەر رێگای جەدیدە یابووس لە دەشتی دیمەشق كراونەتە ئامانج و ئۆتۆمبێلەكەیان بەتەواوەتی سووتاوە، ناوی "ئەبو فەزل كرنبش"ە، كە هاوەڵێكی پێشووی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵایە.

ئیسرائیل لەبارەی ناسنامەی كوژراوەكە دەڵێت، ئەو بەرپرسێكی هێزی بەرگریی حزبوڵایە، راپۆرتە هەواڵییەكانیش ئاماژە دەكەن كە كوژراوەكە ناوی "یاسر قرنبش"ە و لە یەكەی گواستنەوەی چەكدار و چەك بۆ سووریا بەرپرسە، هێرشەكە لە دەوروبەری شاری بانیاس لە باكوری سووریا رووی داوە.

شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو سوپای ئیسرائیل لە رێگەی درۆنێكەوە محەمەد ناسر، فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی حزبوڵای لە شاری سوور لە باشووری لبنان كوشت، كە سێیەم فەرماندەی باڵای حزبوڵایە لە دوای هێرشەكەی حەماس دەكوژرێت، ئەمشەویش هێرشەكانی بۆ سووریا گواستەوە، بەڵام لە گوشارەكانی بۆ سەر حزبوڵا بەردەوامە، لەوكاتەی هەواڵەكانی باسی نزیكبوونەوەی رێككەوتنێكی ئیسرائیل و حەماس دەكەن.

گوشارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لبنانی بۆ وەستانی هێرشەكانی لە بەرەی باكور و ناچاركردنی بۆ رێككەوتنێكی ئاگربەست و كشانەوە لەسەر سنوورەكانی بەردەوامە، جیا لە هەڕەشەكانی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر لبنان، لە كوشتنی فەرماندە مەیدانییەكانی حزبەكە لە باشووری لبنان بەردەوامە، لەماوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی هەشت مانگی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل 494 كەس لە لبنان كوژراون، كە 307یان سەر بە حزبوڵان، لەوكاتەی 28 ئیسرائیلی كوژراون.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل