تا دێت عێراق دەوڵەمەندتر دەبێت، بەرپرسانی عێراق لافی ئەوە لێ دەدەن كە دەتوانن بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوت و غاز بگەیەننە ژمارەیەكی پێوانەیی و عێراق لە نەوت و یەدەگی دراو و زێڕ زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئەو دەوڵەمەندییە بەهیچ شێوەیەك لەسەر ژیان و بژێوی خەڵكەكەی رەنگی نەداوەتەوە، لەبارەی هۆكارەكان شارەزایان جیا لە گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و پێشخستنی بەرژەوەندیی تایبەت و هیتریش، ئاماژە بۆ بابەتی سپیكردنەوەی پارە دەكەن، كە تاوانێكی نێودەوڵەتییە و شەڕێكی كراوەیە لەگەڵ ئابووری وڵاتان، هۆكارە بۆ ناسەقامگیری و لاوازكردنی ئاسایش و زیانی گەورە بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
سەعید یاسین، پسپۆڕ لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی دیودەری ئاماژە دەكات كە پارەی قاچاخی نەوت و بازرگانی مادەی هۆشبەر لە عێراق بە چەند شێوازێك سپی دەكرێتەوە، كە بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان زیاد دەكات و ژمارەیەك لایەنی سیاسی و چەكدار پارێزگاری بۆ كاری سپیكردنەوەكە دابین دەكەن.
سپیكردنەوەی پارە لە مەترسیدارترین تاوانە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكانە لە دنیا و عێراقیش لێی بێبەری نییە، كاتێك پارەی هاتوو لە دزی و گەندەڵی و بازرگانی مادەی هۆشبەر و چالاكییە تاوانكارییەكان لە مامەڵە و كڕینی ئاسایی و یاسایی بەكار دێت، ئەوەش زیانی گەورە بە ئابووریی وڵاتان دەگەیەنێت و هۆكارە بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و شێوانی ئارامی.
ئەو پسپۆڕە روونی كردەوە، چەند باند و مافیای جیهانی سەرپەرشتیی تاوانەكان دەكەن لەوانەش سپیكردنەوەی پارە، ئەگەری هەیە دەزگەكانی هەواڵگریی دنیاش بەشدار بن بەمەبەستی دابینكردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ چالاكییە نایاساییەكانیان لەو پارەیە، چارەسەركردنی ئەو حاڵەتەش لە زانینی سەرچاوەی هاتنی پارەكە دەست پێ دەكات، واتە لە دزین و قاچاخی نەوت یان لە بازرگانی مادەی هۆشبەر و هیتریش.
یاسین دووپاتی كردەوە، ئەو پارە رەشە و نایاساییە دەخرێتە ناو مامەڵە و سەودای جیاجیاوە، لەوانە هاوردەكردن و وەبەرهێنانی موڵكوماڵ و ئابووری و بازرگانی ئۆتۆمبێل و زێڕ و هیتریش، ئەوەش بە مەبەستی سپیكردنەوەی، بۆ نموومە هەندێك كاڵا هاوردە دەكرێت و وەك كاڵای یاسایی دەخرێتە بازاڕەوە، بەتایبەتی لە كەرتەكانی موڵكوماڵ و مۆڵە گەورەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان وبازرگانیی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و مەزادی ژمارەی دەگمەنی ئۆتۆمبێل و زێڕ و خشڵیش.
ئەو پسپۆڕە زیاتر گوتی، عێراق لە كێشەیەكی گەورەدایە لەبارەی رووبەرووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە، بەهۆی بوونی چەندان لایەنی سیاسی و چەكدار كە ئەنجامدەر و تێوەگلاوان لەو تاوانە دەپارێزن، ئەو تاوانە زیانێكی گەورە بە ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنێت، باجەكەشی هاووڵاتییانی ئاسایی دەیدەن بەهۆی هەڵكشانی نرخی موڵكوماڵی كڕاو بەو پارەیە، بۆیەش ئێستە یەكەی نیشتەجێبوون كەمە و نرخەكەشی بەرزە، جیا لەوە ئەو مافیایانە توانیویانە تۆڕێك لە هاوكارانیان لەناو دامەزراوە جیاجیاكان دروست بكەن.
ئێستە بەهۆی لاوازیی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق و هێزە تەناهییەكانی و باڵادەستیی هێزە سیاسی و چەكدارەكان بەسەر بڕیارەكانی حكوومەت و دۆخی تەناهی لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوو، كە ئەوان بەدوای بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی و بەهێزكردنی خۆیانن، چەندان باندی تاوان سوودیان لەو دۆخە بینیوە، ئەوان پارەیەكی زۆریان لە چالاكییە نایاسایی و تاوانكارییەكانیان دەست دەكەوێت، توانیویانە پاڵپشتیی گرووپە چەكدارەكان بۆ خۆیان و ئەندامانیان دابین بكەن و لەو رێگایەوە هێزە تەناهییەكان چاوترس بكرێن یان ئەوانیش لە كارەكانیان تێوە بگلێنن، هەموو ئەوانە وایان كردووە نەتوانرێت وەك پێویست رووبەڕووی تەنگژەكانی عێراق ببنەوە، لەوانەش تاوانی سپیكردنەوەی پارە.
ئەو پسپۆڕە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی سپیكردنەوەی پارە دەڵێت، حكوومەتی عێراق درك بە مەترسیداریی سپیكردنەوەی پارە و دروستبوونی پاڵپشتیی دارایی بۆ تیرۆر دەكات، چەندان هەنگاوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەرگرتووە، فەرمانگەیەكی تایبەتی لە بانكی ناوەندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردن لە تیرۆر دامەزراندووە، چەندان بڕیاری توندی دادگاییشی داوە.
"هاریكاریی لەگەڵ گرووپی "ئیگمۆنت"ی نێودەوڵەتی بۆ هەواڵگریی دارایی زیاد كردووە، هاوكات كاری بۆ بەهێزكردنی هاوئاهەنگی لەنێوان دادگا و بانكی ناوەندی و دەستەی نەزاهە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانە كردووە بۆ راوەدوونانی تێوەگلاوان، چەندان رێوشوێنی دژ بە سپیكردنەوەی پارە لە ناوخۆ و دەرەوە لە وەزارەتەكانی نەوت و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی وەرگرتووە، لەوانە كۆنترۆڵكردنی حەواڵەی پارە و چوونە ریزی سەكۆی نێودەوڵەتیی مامەڵەكردن بە دراوی بیانی و دووبارە رێكخستنەوەی كاری بانكەكان"، سەعید یاسین، پسپۆڕ لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وا دەڵێت.