راگەیەنراوێك لە ئاسایشی هەولێرەوە

:: PM:08:41:09/07/2024 ‌
ئاسایشی هەولێر بكوژی ژنێك لە گەڕەكی مەنتكاوە دەگرێت، ئاشكرایشی كرد كە تۆمەتبار خزمی نزیكی ژنەكەیە و دوو رۆژ بەر لە ئەنجامدانی تاوانەكە ئۆتۆمبێلی تاوانلێكراوی فرۆشتووە، بەمەبەستی دەستکەوتنى پارەی ئۆتۆمبێلەكە ئەم كارەی ئەنجام داوە. 

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی چوارى تەمووزى 2024 تەرمی ژنێك بە ناوی "قەدەم خێر عزیز" بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزرایەوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون ئەنجامدرا، لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی بکوژەکە بەناوی (م، ک، ڕ) ئاشکرا بکەین. 

ئاسایش ئاشكرای كردووە، تۆمەتبارەكە خزمی نزیکی تاوانلێکراو" قەدەم خێر"ـە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر گیراوە و لە لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبار (م، ک، ڕ) ددانی بە تاوانەکەی ناوە کە دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە ئۆتۆمبێلەکەی "قەدەم خێر"ی فرۆشتووە، لە کاتی بردنەوەی پارەکە بۆ "قەدەم خێر" لەپێناو بردنی ئەو بڕەپارەیە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.

زیاتر هاتووە، لەدوای ئەنجامدانی تاوانەکە بە مەبەستی بزرکردنی سەرەداوی تاوانەکە و ئاشکرانەبوونی، ئامێری مۆبایلی "قەدەم خێر" لەلایەن تۆمەتبارەوە لە شوێنێکی چۆڵی دەرەوەی شاری هەولێر حەشارداوە، هەروەها ئەو بڕەپارەی کە بردبووی لە سەربانی ماڵەکەی خۆی له گوندی دارەبەن شاردبووەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود