بۆ ئەم مانگە ژمارەی بەشدارانی هەژماری زیاتر بوو، ئەمڕۆ مامۆستایانی ناوەندی هەولێر لەڕێی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تەمووز، پەروەردەی ناوەندی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەم مانگە 16 هەزار و 860 مامۆستا و فەرمانبەر مووچەكانیان بە پڕۆژەی (هەژماری من) دابەش دەكرێت.
باس لەوەش كراوە، تەنیا مووچەی 788 مامۆستا و فەرمانبەر كە كارتی بانكیان وەرنەگرتووەتەوە، بە لیست و چەكی بانكی (شێوەی كۆن) دابەش دەكرێت و بە ناوی بەڕێوەبەری قوتابخانە دەكرێت.
بەپێی دواین ئامار، ئەم مانگە نزیكەی 75 هەزار مووچەخۆری سنووری پارێزگای هەولێر، مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـیان لە ڕێی "هەژماری من" وەردەگرن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری مووچەخۆران و بە كورتەنامەیەك مووچەخۆران ئاگادار دەكرێنەوە، ئەوان دەتوانن لە ڕێی نزیكەی 100 ئامێری ڕاكێشانی پارە ATM" لە 32 شوێنی جیاواز مووچەكانیان وەربگرن.
تا ئێستە هەشت بانك بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من، بانكی "تی بی ئای" عێراقیش هاتووەتە ناو پرۆسەكە و بەشداریی كردووە، بەپێی دواین نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی، ئەو پرۆسەیە هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە ئەوانیش وەك هەرێمی كوردستان لە بانكە ئەهلییەكان ئەو كارە ئەنجام دەدەن.
هەژماری من پڕۆژەی بە بانكیكردنی مووچە و كاروبارەكانی داراییە، 19 خزمەتگوزاریی بانكی لە خۆی دەگرێت كە لەلایەن حكوومەتی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت.