ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:52:10/07/2024 ‌
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كۆ دەبێتەوە، تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ تایبەت بە پرسی دەروازە سنوورییەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تەمووز، بەسەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، تەوەری یەكەمی تایبەت دەبێت بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ تایبەت بە پرسی دەروازە سنوورییەكان، ئەم بابەتەش لەلایەن هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ پێشكەش دەكرێت كە بەشداریی كۆبوونەوەكە بوون.

تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە لەبارەی پرسی مووچەی هێزە تەناهییەكان و مووچەخۆرانە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوونەكانی بۆ بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی هەردوو مانگەكانی پێنج و شەشی هێزە تەناهییەكان (پێشمەرگە و ئاسایش) پێشكەش دەكات.

هەر لەو تەوەرەدا باس لە دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزە تەناهییەكان، لەلایەن تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ دەكرێت.

هەروەها كارەكانی هەردوو تیمی هاوبەشی حكوومەتەكانی هەرێم و فیدراڵ تایبەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەكخستنەوەی رێكارە داراییەكان و سیستمی باج لە نێوان هەولێر و بەغدا دەخرێتەڕوو.


وشە - رامیار جەواد