سزای له‌سێداره‌دان بۆ هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌رچوو

:: AM:11:23:10/07/2024 ‌
ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی باڵا ئه‌مڕۆ رای گه‌یاند، دادگای تاوانی كه‌رخ له‌ به‌غدا، سزای له‌سێداره‌دانی بۆ هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی كوژراوی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ده‌ركرد، به‌ تاوانی ئه‌وه‌ی ژنان و كچانی ئێزیدیی له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌ بارمته‌ گرتبوو.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیز" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ی ته‌مووز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی به‌یاننامه‌ی ده‌زگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی باڵا له‌ به‌غدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاو بووه‌ته‌وه‌، دادگای تاوانی كه‌رخ، سزای له‌سَیداره‌دانی بۆ ئه‌سما محه‌مه‌د كه‌ هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدای بوو ده‌ركرد، به‌تاوانی ئه‌وه‌ی چه‌ندان ژن و كچی ئێزیدی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌ بارمته‌ گرتبوو.

ئه‌سما محه‌مه‌د كه‌ ژنان و كچانی ئێزیدی كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش له‌ شنگال له‌ رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا گیرابوون، له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆی داینابوون و وه‌ك كه‌نیزه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كردن.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، حوكمه‌كه‌ی به‌پێی ماده‌ی چوار/1 و ماده‌ی دوو/1 و 3 له‌ یاسای نه‌هێشتنی تیرۆری ژماره‌ 13ی ساڵی 2005 دراوه‌، ئه‌ویش به‌پێی حوكمه‌كانی ماده‌ی حه‌وت/ یه‌كه‌م له‌ یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزیدی ژماره‌ هه‌شتی ساڵی 2021.

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراقی له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ 2024، له‌ دوای گرتنی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌سما محه‌مه‌د هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدای كرد. ئاماژه‌ی درا كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق گرتوویانه‌ و بۆ وڵاتیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌. ئه‌وكات كه‌ناڵی "عه‌ره‌بیه‌" دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌سما كرد و تێیدا باسی له‌ ژیانی خێزانیی له‌گه‌ڵ به‌غدادی ده‌كرد، جیا له‌ قسه‌كردن له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی تر.

ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ئه‌سما محه‌مه‌د له‌ ساڵی مانگی حوزه‌یرانی 2018 له‌ پارێزگای هاتای توركیا له‌سه‌ر سنووری سووریا گیراوه‌.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د