بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان رای گەیاند، چوار تۆمەتباریان گرتووە كە 17 كیلۆ مادەی هۆشبەریان پێ بوو.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان بڵاوی كردووەتەوە، چوار تۆمەتبار گیران و بڕی 17 كیلۆگرام مادەی هۆشبەریش لە جۆری كریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا .
باس لەوەش كراوە، لە بەردەوامیی هەوڵەكانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، تیمەكانی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە دوو چالاكیدا توانییان چوار تۆمەتبار كە كاری گواستنەوە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن بگرن.
روون كراوەتەوە، لەم دوو چالاكییەدا بڕی 17 كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا، ئێستە هەر چوار تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان راگیراون و لە ژێر لێكۆڵینەوەدان .