له‌ عێراقدا گرتووخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ و نوێ له‌ شێوه‌ی ئه‌وروپی دروست ده‌كرێت

:: PM:03:46:10/07/2024 ‌
فه‌رمانگه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی دادی عێراق ئه‌مڕۆ رای گه‌یاند، قۆناغه‌كانی دروستكردنی گرتووخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ و نوێ له‌ عێراقدا پێشكه‌وتنێكی زۆری به‌خۆوه‌ بینیوه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ی ئه‌وروپی دروست ده‌كرێت، له‌ نیسانی 2025دا به‌ته‌واوی به‌كۆتا بێت.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ی ته‌مووز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، قۆناغه‌كانی دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی گرتووخانه‌ی "كووتی مه‌ركه‌زی" زۆر به‌باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چن و 83%ی كاره‌كانی به‌كۆتا هاتوون، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو 2025 به‌ ته‌واوی ئاماده‌ بێ بۆ به‌كارهێنان. گرتووخانه‌كه‌ شه‌ش باڵه‌خانه‌ له‌خۆ ده‌كرێ كه‌ به‌شێوه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا دروست ده‌كرێت.

موراد ساعدی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كردووه‌، سیستمی گرتووخانه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی ئه‌وروپی "ئێكس"ـه‌، كۆنترۆڵی مه‌ركه‌زی له‌ هه‌ر شه‌ش باڵه‌خانه‌كه‌ داده‌نرێت، هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كیش له‌ چوار باڵ پێكدێت و هه‌ر باڵێكیش 49 هۆڵ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ هه‌ر هۆڵێكیش دوو گیراوی تێدا داده‌نرێت.

ساعدی زیاتر گوتی، له‌و گرتووخانه‌یه‌ و له‌ناو هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌ك، چوار هۆڵی یه‌كتربینینی گیراو و كه‌سوكاریان دروست ده‌كرێت، هاوكات چوار گۆڕه‌پان بۆ هه‌تاو دروست ده‌كرێت، له‌گه‌ڵیدا ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ مزگه‌وت، یه‌كه‌ی چاككردن، چێشتخانه‌، دوو وێستگه‌ بۆ ئاو، كۆگه‌ و ژووری چاودێری به‌ كامێرا له‌ خۆ ده‌گرێت.

دواتریش گوتی گرتووخانه‌كه‌، 18 تاوه‌ری چاودێریی بۆ دروست ده‌كرێت كه‌ به‌سه‌ر دیواره‌كانی گرتووخانه‌كه‌ دابه‌ش ده‌بن، ئه‌وه‌یش بۆ سه‌لامه‌تی و ئاسایشی گرتووخانه‌كه‌یه‌. چاوه‌ڕێ ده‌كرێ به‌شێكی زۆری گیراوه‌كان له‌ عێراقدا بۆ ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ بگوازرێنه‌وه‌.
 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د