ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رێنمایی كارگێڕی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار كۆمەك و یارمەتی پێشكەش بە ئاوارە و پەناخوازان لە عێراق كردووە، ئەو ناچاركردنی ئاوارەی كەمپەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان رەت كردەوە.
رۆمانۆوسكی لە وتەیەكی لەو رێوڕەسەمەدا گوتی، دوای شەڕی دژ بە داعش لە 2014، زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلارمان وەك یارمەتی و كۆمەك پێشكەش بە ئاوارە و پەناخوازان كردووە، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كارمان بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئەوان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان كردووە.
هاوكات رۆمانۆوسكی داوای لە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد كە كار بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانە و بەڕێزی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان بكەن، دووپاتی لەوەش كردەوە كە نابێت گوشاریان بخرێتە سەر بۆ مانەوە لە كەمپەكان یان بۆ گەڕانەوەی بەزۆر بۆ ناوچەكانیان.
ئەمڕۆ چوارشەم لە رێوڕەسمی راگەیاندنی رێنمایی كارگێڕی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، هەرێمی كوردستان لە پاراستن و حەواندنەوەی سەتان هەزار پەناخواز و ئاوارە و پەنابەر بەردەوامە، كە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكانیان هەڵاتوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێم ئەركی مێوانداریكردنی دەیان كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی بارگرانییەكەش لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایەوە، دووپاتی دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، بە نموونەیەكی گەشی مێواندۆستی و پەناگەیەكی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە رووی تێ دەكەن، هیوادارین حكوومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكار و یارمەتیدەری هەرێم بن بۆ خزمەتی زیاتری ئەو پەناخواز و ئاوارە و پەنابەرانە، تا ئەو كاتەی بارودۆخی ناوچەكانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان.
شایەنی باسە ئەم رێنماییە بەشێكە لە بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری كارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەكانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریكردنی ئەركەكانیان. بە تایبەت لە بواری رێكخستن و یەكخستنی رێكارەكانی هاتن و پێشوازیكردن لە پەنابەخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەركەكانیان لە هەرێمی كوردستان.