ترەمپ بۆ جێگر دەگەڕێ

:: PM:07:27:10/07/2024 ‌

دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بۆ كەسێكی گونجاو دەگەڕێت بیكاتە جێگری سەرۆك، لە كاتێكدا ئەگەر لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتنی بەدەست هێنا.

لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمەریكادا، سەرۆك یان پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكایەتی، خۆی كەسێك بۆ جێگری خۆی هەڵدەبژێرێت، بەڵام تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ ئەو كەسەی نەدۆزیوەتەوە، بۆیە میدیاكانی ئەمەریكا پێشبینی چەند ناوێك دەكەن، لەوانە ماركۆ ڕۆبیۆ، سیناتۆری جێی كاریگەری ویلایەتی فلۆریدا، هەروەها دۆگ بۆرگۆم، حاكمی داكوتای باكور، بەڵام ئەمیان لەناو جەماوەری كۆمارییەكاندا ناسراو نییە. كەسی سێیەمیش پێشبینی كراوە كە بریتییە لە ئێم جی دی فانس، نووسەرێكی گەنجە و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە و نزیكیشە لە ترەمپەوە. 

هەندێكی تریش لە پێشبینیكاران پێیان وایە، تەرمپ وەك هەمیشەی خۆی، شتێكی شۆكهێنەر دەكات و كەسێك دادەنێ كە پێشبینینەكراو بێت.

پێویستە پاڵێوراوى كۆمارییەكان لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ناوی جێگرێك بخاتە ڕوو، پێش ئەوەی كۆنگرەی كۆمارییەكان لە هەفتەی داهاتوودا بكرێت و تێیدا بە فەرمی كاندیدانی پۆستی سەرۆك و جێگرەكەی ڕادەگەیەنن.
 
خۆی دەبوو پێشتر ئەم ناوە ئاشكرا بكرایە، بەڵام دوای شكستەكەی جۆ بایدن لە دیبەیتی نێوانیان، كۆمارییەكان پێیان باش بوو جارێ میدیاكان بە گاڵتەكردن بەو شكستە تەرخان بكەن و پاش ڕۆژانێكی تر سەرقاڵی دیاریكردن یان ئاشكراكردنی ناوی جێگری سەرۆك بن.


وشە - عەبدوڵا عومەر