بەكارهێنانی ڤیاگرا لە عێراق روو لە هەڵكشانە

:: PM:07:57:10/07/2024 ‌

عێراق وڵاتی راهاتنە لەگەڵ تەنگژە و رووداوەكان، پلەی گەرما و نرخی دۆلار و گەندەڵی و تاوان و ناكۆكیی سیاسی و مەزەوی و عەشایەری و هیتریش هەر هەمووی رووی لە هەڵكشانە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە تا دێت پەنابردن بۆ بەهێزگەرە سێكسییەكان لە عێراق زیاد دەكات و بەشێك لە دەرمانخانەكان بێ بوونی پێویستی و راسپاردەی پزیشكی دەیفرۆشن.

قوتەیبە محەمەد، دەرمانساز دەڵێت، بەگشتی بازاڕی بەهێزگەرە سێكسییەكان لە عێراق زۆر چالاك نییە بەو شێوەی بگوترێت ساڵانە چەندان ملیۆن دۆلاری تیادا خەرج دەكرێت، بەڵام خەریكە داواكاری لەسەر زیاتر دەبێت، لە هاوین سەرفیاتی كەمترە، بەڵام لە زستان خواستیان زیاتر دەبێت. 

روونی كردەوە، 20%ی كڕیاری ئەو جۆرە دەرمانانەن، بەتایبەتی ڤیاگرا و سالیس، لە تەمەنی خوار 40 ساڵیدان، 30%شیان لە تەمەنی نێوان 40 بۆ50 ساڵیدان، 50%شیان لە تەمەنی سەرووی 50 ساڵین، هەندێك لەو دەرمانانە لە عێراق بەرهەم دێت، بەڵام ڤیاگرا زیاترین خواستی لەسەرە و نرخەكەشی ئەوەندە گران نییە.

جاسم عەلی، شارەزای كۆمەڵایەتی لەوبارەوە دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی قسەكردن لەبارەی بەهێزگەرە سێكسییەكان بابەتێكی هەستیارە لەناو كۆمەڵگەیەكی پارێزگاری وەك عێراق، بەڵام بۆ سەقامگیریی ژیانی خێزانی هەزاران كەس پێویستییان پێیەتی، بۆیە خواست لەسەریان زیاتر دەبێت و ژمارەیە ئەوانەی بەكاری دێنن كەم نین، ئەو دۆخەی ئێستە لە هەژاری و بێكاری و خراپیی خزمەتگوزاری و كێشەكانی تر كاریگەرییان لەسەر ژیانی خێزانی هەیە، بۆیە پەنابردن بۆ ئەو بەهێزكەرانە نزیكترین چارەسەرییە بۆ رزگاربوون لەو كێشەی كە هیچ پیاوێكی رۆژهەڵاتی باسی ناكات، ئەویش لاوازیی سێكسییە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل