ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسعوود پزیشكیان كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەپرسیاریەتییەكانی بۆ خواست.
سەرۆكی هەرێم ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی بۆ برەودان بە پێوەندیی دۆستانەی لەمێژینە و هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، كە ببێتە هۆكاری بەرەوپێشچوونی هەردوو گەل و وڵات دووپات كردەوە.
سەرۆكی هەرێم دڵنیایی دەربڕی لەوەی كە سەركردایەتیی سەرۆك پزیشكیان دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی دۆستایەتیی هەردوولا و وەك لە دوا دیداردا لەگەڵ جەنابی رابەری شۆڕشی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەرۆشیی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ هاریكاریی هاوبەش لەپێناو داهاتوویەكی باشتر بۆ هەردوو وڵات، هەروەها بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە سەرۆكی هەڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای خۆشحاڵی، سوپاس و پێزانینی بۆ پێوەندی و پیرۆزباییی سەرۆكی هەرێم دەربڕی و دووپاتی لە خواستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێوەندیی دۆستانە و دێرینی گەلانی ئێران و كۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد.