مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆی كار و كارنامەی حكوومەتەكەی ئەوەی بۆ هەمووان روون كردەوە كە حكوومەت هەوڵی داوە تەواوی داواكاریی هاووڵاتییان جێبەجێ بكات، كار بۆ خۆشگوزەرانی و بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی بكات كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەیەوە رای گەیاند، ئەو رۆژ دوای رۆژ دەیسەلمێنێت و پێشانی دەدات كە حكوومەتایەتی چۆنە و جوانترین مۆدێلی حوكمڕانی پێشكەش هەرێم و عێراق و ناوچەكە كرد.
ماوەی پێنج ساڵە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە، هەرچەندە لە سەرتاوە كۆمەڵێك كێشە رووبەڕووی بوونەوە، لەوانە دابەزینی نرخی نەوت و نەخۆشی كۆرۆنا، بەڵام ئەوانە كاریگەرییان لەسەر كارنامەی حكوومەت دروست نەكرد و لە چەندان لاوە خزمەتی هاووڵاتییانی كرد، گرنگی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەدا و بودجەی بۆ تەرخان دەكردن، كاری بۆ بەهێزكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكرد، تا ئەو كاتەی كە ئابووریی هەرێم بووژایەوە و هەموو كەرت و سێكتەرەكان دەستیان بە كاركردن كردەوە و جووڵەیەكی فراوانی ئابووری لە هەرێم بەدی كرا.
لەوبارەوە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر بەچاوێكی ئومێدەوە سەیری ئەو ماوەیە بكەین كە كابینەی نۆ تیایدا دەستبەكار بوو، دەبێت ئەوە بڵێین كە لەگەڵ تەنگژەكان جەنگا و هەوڵی خزمەتكردنی هاووڵاتییانی دا، كابینەی نۆ لە سێ لایەن پێكهاتبوو، پارتی و یەكێتی و گۆڕان، دەشبێت ئەوە بڵێین كە پاڵپشتیی تەواوەتی لەلایەن ئەو دوو لایەنەی تر بۆ حكوومەت نەبوو، بە تایبەتی لەو كاتانەی كە حكوومەت رووبەڕووی تەنگژە بووەوە و كێشەی بۆ دروست بوو و داهات كەمی كرد.
زیاتر گوتی، لەو ماوە كەمەی لەبەردەم حكوومەت بوو توانی كاری زۆر باش بكا و ببێتە جێگەی ئومێدی هاووڵاتییان، دەبێت ئەوەش بڵێین بە داهاتێكەوە كاری خزمەتگوزاری و خەرجی و مووچەی فەرمانبەران دابین دەكرا، بەغدا مووچەی و بودجەی نەدەنارد، سەرۆكی حكوومەت لە قسەكانی ئەوەی گوت كە هەوڵی داوە لە هەموو ناوچەكان كاری باش بكا و دەستی خزمەتگوزاری و پڕۆژە بگەیەنێتە هەموو شوێنێك، بەڵام نیەتی رێگری هەبووە و ئەو رێگرییەش كراوە و هەبووە، لە رابردووش بە روونی هەمووان ئەوەیان بینی كە چۆن حكوومەت دژایەتی دەكرا و لە سنووری سلێمانی كێشە بۆ كارەكانی دروست دەكرا.
لای خۆیەوە مەریوان ناسر، خاوەنكار بە "وشە"ی گوت، حكوومەت ئەركی خزمەتكردنە، تا زیاتر خزمەتی خەڵك بكا و كار بكات زیاتر متمانەی لای هاووڵاتییان بەدەست دێنێت، هەروەها خەڵك زیاتر هیوایان پێی هەیە، ئەوەشی كە كراوە دەتوانین بڵێین كارێكی زۆر باش بووە، بەڵام ناتوانرێت بەیەكجار داواكاریی هاووڵاتییان و هەموو ناوچەكان جێبەجێ بكرێت، ئەگەرچی خواستێكی زۆر باش هەبووە بۆ خزمەتكردن، داتاكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە حكوومەت پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی كردووە، ئەوە سەرەڕای كێشە ناوخۆیی و قەیران و دژایەتییەكان كە بەرانبەری كراون.
پێوەست بەو پرسە سۆران هادی، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بە بەراورد بە كابینەكانی تر هەنگاوی زۆر باشی ناوە، خواستێكی زۆری هەبوو بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، یاسای چاكسازی داهێنا، كە گرنگترین هەنگاوی كابینەكە بوو و توانی كاری زۆر باش لە بواری چاكسازیدا بكات، بەڵام ئەمە لەراستیدا بە ساڵێك و دوو ساڵ تەواو نابێت، ناكرێت هەموو فەرمانگەكان بە كاری چاكسازی پێوەست بكرێن، پێویستی بە ماوەیەكی دورودرێژ هەیە تا بەتەواوی یاساكە جێبەجێ دەكرێت.
وشە/ تایبەت