ئەگەر فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت پێشتر و دووبارە وەریبگرێت سزاكەی چییە؟

:: PM:08:56:10/07/2024 ‌
دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا هەنگاوێكی تر چووە پێش و دابەشكردنی زەوییەكانیان نزیكبووەتەوە بەوپێیەی كە لە دوا هەنگاودا بەڵێننامەیەك لە فەرمانگە دادنووسییەكاندا بە فەرمانبەر پڕ دەكرێتەوە و بەڵێنی ئەوە لە فەرمانبەر وەردەگیرێت كە پێشتر سوودمەند نەبووە لە وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون و زەوی لە حكوومەت. 

بەپێی كۆپییەكی ئەو بەڵێننامەی دەست "وشە" كەوتووە، لە سیستمی ئەلیكترۆنیی فەرمانگە دادنووسییەكان دەقی ئەو بەڵێننامە دانراوە كە پێویستە فەرمانبەر لە بەردەم دادنووسدا ددانی پێدا بنێت و لە بەڵێننامەكەدا هاتووە، كە فەرمانبەر پێویستە پێشتر لە هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوون و وەرگرتنی زەویدا لە حكوومەت سوودمەند نەبووبێت. 

ئەگەر پێچەوانە بوو، فەرمانبەرەكە پێشتر سوودمەند ببوو و بەڵێننامەكەیشی دابێت و زەویی وەرگرت، ئەوا بەرپرسیار دەبێت بەرانبەر بە یاسا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە جۆرێك سزاكەی بەپێی بەڵێننامەكە زیندانیكردن یا پێبژاردن دەگرێتەوە، بە جۆرێك زیندانییەكە ماوەكەی زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و كەمتریش نەبێت لە شەش مانگ یان ئامادەیی سزای پێبژاردن بە بڕی سێ ملیۆن دینار. 

لە بەشێكی تری بەڵێننامەكە هاتووە ئەو فەرمانبەرەی كە پێشتر سوودمەند بووە و زەویش وەردەگرێت، دواتر جگە لە سزای پێبژاردن و گرتن، دەبێت زەوییەكە بگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت و دووبارە تۆماری بكاتەوە بەناوی حكوومەتەوە. 

لای خۆشیەوە "رەوەند وەلی" سەرپەرشتیاریی ئایتی لە پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگە دادنووسییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، دوو رۆژە ئەم بەڵێننامە زیادكراوە بۆ سیستمی ئەلیكترۆنیی فەرمانگە دادنووسییەكان و لەم دوو رۆژەیشدا رێژەیەك فەرمانبەر بەڵێننامەكەیان داوە. 

27ی ئاداری ئەمساڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و هاووڵاتییان دا، كە یەكێك لەو بڕیارانە پێدانی زەوی بوو بەو فەرمانبەرانەی كە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویدا.


وشە - پۆڵا مەحموود