ماڵپەڕێكی بەریتانی سەرچاوەی چەكە پێشكەوتووەكانی پەكەكە ئاشكرا دەكات

:: PM:09:33:10/07/2024 ‌

ئەگەرچی ساڵانێكە پەكەكە خەریكی جێبەجێكردنی ئەجیندایەكی گوماناوییە و بوونێكی بێ پاساوی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، بەڵام لە ماوەی دوایی خەریكە بە هاوشێوەی گرووپە چەكدارەكان لە ناوچەكە هەڵسوكەوت دەكات، لەوانەش بوون بە خاوەنی درۆنی بۆمبڕیژكراو و مووشەك، ئەوەش كێشەیەكی گەورەتر بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات و دەیكاتە گۆڕەپانی شەڕێكی خوێناویتر و هاووڵاتییانی هەرێم باجی زیاتر دەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم ماڵپەڕی "میدڵ ئیست"ی بەریتانی ئاشكرای كرد كە پەكەكە خاوەنی چەند كارگەیەكی دوستكردنی درۆنە و بەم دواییە لەدژی سوپای توركیا بەكاری هێناوە، كاتێك چەند كارگەیەكی بچووكی بۆ دروستكردنی درۆن دامەزراندووە و كەرەستەی پێویستی لە ئەوروپا لە جۆرجیا و ئۆكراینا و ئێران پێ دەگات، هەندێك لەو كارگانە لە ناوچەكانی نێوان سلێمانی و چیای قەندیل بەدی كراون، ئەوان درۆنی نوێ بەرهەم دێنن و دژی هێزەكانی توركیا بەكاری دێنن، جیا لەوە پەكەكە تەقەمەنی نوێ بەرهەم دێنێت.

 لە چەند مانگی دوایی راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە ئێران تەنكەنۆلۆجیای دروستكردنی درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەكی بەرگریی ئاسمانی بە پەكەكە داوە، وەك رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی توركی باسی كردووە، ئێران زیاتر لە 50 درۆنی بۆمڕێژكراوی بە پەكەكە داوە، جیا لە سیستمی پێشكەوتووی بەرگریی ئاسمانی وەك مووشەكی 358 و مووشەكی گەرمی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییە توركییەكان.

بەپێی سەرچاوەكان ئێران فڕۆكەخانەی سلێمانی كردووەتە رێڕەوی سەرەكیی گەیاندنی ئەو بارە چەكانە بە پەكەكە و فڕۆكەیەكی مەدەنی كە كار بۆ سوپای پاسداران دەكات، بۆ گواستنەوەی ئەو چەكانە بەكار هاتووە، لەپاڵ درۆنی بۆمبڕێژكرا، دووربینی گەرمیی دروستكراوی رووسیا و سیستمی چاودێریی ئاسمانی بە پەكەكە داوە، بۆ ئەوەی بتوانێت زوو درۆنەكانی توركیا ئاشكرا بكات.   

ئێستە هەریەك لە پەكەكە و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی سەختدان، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات كە پەكەكە بە درۆن هێرشی كردووەتە سەر چەند ئامانجێكی سەربازیی توركیا، بۆیە لە ماوەی دوایی بابەتی چۆنیەتی بەدەستهێنان پەكەكە بۆ ئەو چەكە پێشكەوتووانە بووە جێی باس، چاودێران باسی بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان رێكخراوەكە و گرووپە چەكدارە عێراقییەكان دەكەن، كە وای كردووە پەكەكە دەستی بە درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەك و زانیاریی تەناهی بگات.

بەرپرسێكی وەزارتی ناوخۆی عێراق ئاماژە دەكات كە لە سەردانی دوایی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا باسی بابەتی چەكی پەكەكە و سەرچاوەی بەدەستهێنانی ئەو چەكانە كراوە، جیا لە پێوەندیی پەكەكە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و هەسەدە لە سووریا، دەسەڵاتی بەسەر دەروازەی سنووریی پێنجوێن لە سلێمانی لەگەڵ ئێران هەیە، لەو رێگایەوە پارەی چاكی لە وەرگرتنی سەرانە لە بازرگانان و كاری قاچاخی و ئاودیوكردنی كەسانی داواكراو و قاچاخی دۆلار دەست دەكەوێت، بۆیە ئەو پارەی پەكەكە لەو رێگایەوە دەستی دەكەوێت، بەشی ئەوە دەكات لە پاڵ كاریگەریی گرووپە چەكدارەكان چەكی پێشكەوتوو بە نرخێكی هەرزان دەست بكەوێت، ئەو گرووپە هەروەها كۆنترۆڵی دەروازەیەكی سنووری عێراق و سووریا دەكات لە گوندی ئوم زیبان لە شنگال و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە هەیە، جیا لە قاچاخی مەڕوماڵات و ئاسن و مادەی هۆشبەر، بۆیە ئەو چەكە پێشكەوتووانەی پەكەكە هەیەتی لە داهاتی هەموو ئەوانەوە دێت. 

پێشتریش رێبین سەلام، توێژەری سیاسیی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد كە بوونی چەكی پێشكەوتوو بە دەستی پەكەكەوە، گۆڕانكارییەكی گەورەیە و هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات، چەكە پێشكەوتووەكانی ئێستەی پەكەكە لەوەی دەستی گرووپە چەكدارەكان جیاواز نییە، بەڕاشكاوی ئەو تێكهەڵكێشی و هاوشێوەییە بۆ ئاسایشی عێراق و سەرچاوە داراییەكانی كە لە گرووپە چەكدارەكان خەرج دەكرێت مەترسیدارە، جیا لەوەی پەكەكە چالاكیی ئابووری و بازرگانی خۆی هەیە وا دەكات لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەستی بەو چەكانە بگات. 

روونی كردەوە، بوونی چەكی پێشكەوتوو لای پەكەكە، وەك درۆنی بۆمبڕیژكراو و مووشەكی دژ بە زریپۆش و بەكارهێنانی لە شەڕەكانی لەگەڵ سوپای توركیا، كێشە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم و خاوەن كێڵگە و باخەكان دروست دەكات و دەیانكاتە قوربانی، جیا لەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر هێزە عێراقییەكان لە ناوچە سنوورییەكان، بۆیە ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە لەو چەكانەی پەكەكە و بوونی سەربازییان دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و پێویستە ئەو هاوبەندییەی نێوان ئەو رێكخراوە و گرووپە چەكدارە عێراقییەكان هەڵبوەشێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل