بەهۆی هەڵسوكەوت و چالاكییە نامۆ و زیانبەخشەكانی، شارەزا و سیاسەتوانان پێیان وایە دەبێت پەكەكە تەمبێ بكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر نەتوانێت دژایەتیی كورد بكا و هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، دووپاتی دەكەنەوە، ئەوەی پەكەكە دەیكات بەتەواوی كاری دوژمن و نەیارانە، كە بەناوی كوردایەتییەوە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە پێشمەرگە و خەڵكی مەدەنی ئەنجامیان دەدات.
پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دۆخێكی خراپی دروست كردووە و كوردی ناوچەكەی رووبەڕووی دۆخێكی خراپی ئابووری و سەقامگیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و شەڕ كردووەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش دەیەوێ ناوچەكە بكاتە گۆڕەپانی جەنگ، كاتێك بۆ هاتنەناوەوەی هەرێم دەستی لەگەڵ نەیاران تێكەڵ كردووە.
لەوبارەوە سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم كورد و كوردستان، ئەوەی چەندان ساڵە كورد خەباتی بۆ دەكات و خوێنی لەپێناو دەڕژێنێت، پەكەكە كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەكات، كارێكی كردووە خەریكە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، كە ئەگەر لەسەر ئەو كارانەی بەردەوام بێت، هەرێم رووبەڕووی دۆخێكی خراپ و مەترسیدار دەبێتەوە، هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیرە، بەڵام خەریكە بەهۆی پەكەكەوە دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ.
روونی كردەوە، ئەوەی پەكەكە لە كوردستان دەیكات مەترسیدارە، شوێنی بەناو خەباتی ئەوان نییە و شوێنی ئەوان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەوەشەوە ناوەستن و هاتوون هەرێمیان كردووە بە شوێنی جەنگ، هەرجارەی بەجۆرێك بیانوو دەدەنە دەستی توركیا بۆ ئەوەی بێتە ناو خاكی هەرێم، لەو ئاڵۆزی و كێشمە كێشمەشدا دەیانەوێ حكوومەتی هەرێم بەخۆیانەوە سەرقاڵ بكەن بۆ ئەوەی نەپڕژێتە سەر كار و بەرنامەی خۆی، كاتێك كاری لابەلا دەكەن و لە سنوورەكان هێرش دەكەنە سەر خەڵكی مەدەنی، ئەوەش وای كردووە خەڵكی گوندەكان دەربەدەر بن.
لای خۆیەوە سەردار رەسووڵ، فەرماندەی پێشمەرگە بە "وشە"ی گوت، پەكەكە هەر لە دروستبوونیەوە خەریكی خیانەتە لە كورد و بە فەرمانی ئاغاكانی دەجوولێتەوە، زۆر هەوڵی دروستكردنی شەڕ لەنێوان كورد دەدات و چەندان جار دەستپێشخەریی كردووە، بەڵام گەمژەیی ئەوان لەبەرچاو ناگیرێت و بەدوای ئەوان ناكەوین، لە هەرێمی كوردستان چەندان جار هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە و بۆمبی چێنراویان بۆ دانان، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی شەڕ دروست بێت و شەڕ بێننە ناو خاكی هەرێم.
باسی لەوەش كرد، پەكەكە دەسەڵاتی لە رۆژئاوا هەیە، كەچی فەرمانڕەواییەكی دیكتاتۆرییانە دەكات، دەیەوێ ئەوانەی شوێنكەوتووی سیاسەتەكانی نین نەمێنن، بیانسڕێتەوە و دەریان بكات، ئەمە سیاسەت و بەرنامەی پەكەكەیە، ئەوانە خاوەنی خۆیان نین و بەرنامە و پیلان و نەخشەیان بۆ دانراوە، بۆ ئەوە دروست بوون لە كورد بدەن، كەسانێكی دڵگەرمی كوردی هەژار هەڵدەخەڵەتێنن و بەو ناوە شەڕیان پێ دەكەن، گوایە دژی ئەوانەن كە دژی كوردن، بەڵام خۆشیان بەرنامەیان ئەوەیە لە كورد بدەن، بۆیە هەرجارەی بە شێوەیەك كار بۆ دروستكردنی شەڕ دەكەن، پەكەكە شەڕی ئەوە دەكات دەیەوێ دەستوەردان لەناو كاروباری هەرێم بكات، بەڵام ناتوانێت.
پێوەست بەو بابەتە عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەگەر رێگە لە پەكەكە نەگیرێت و واز لەو هەڵوێستانەی دژی كورد نەهێنێت، دوور نییە بۆ شتی تر سەر بكێشێت، بۆیە لە كۆتاییدا پەكەكە هۆكارە و ئەوەی دەیكات خزمەتكردنە بە دوژمنانی كورد، وازی لە درووشمەكانی خۆی هێناوە و هاتووە خۆی بە شتێك سەرقاڵ كردووە كە لێدانە لە كورد و لە هەموو دنیا دژی كوردستانە.
وشە/ تایبەت