شاندێكی باڵای تەناهیی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:10:53:10/07/2024 ‌

پەكەكە لە سیاسەتە هەڵەكانی و سوودبینین لە دووربینی و كوردپەروەریی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئێستە شەڕێكی گەورەی لەگەڵ سوپای توركیا هێناوەتە ناو خاكی هەرێم، هاوكات شەڕ بە هێزی پێشمەرگەش دەفرۆشێت، ئەو بابەتە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە شاندێكی باڵای تەناهیی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

لەوكاتەی پەكەكە بێباكە لە كوژرانی ئەندامانی و تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستان و ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچە سنوورییەكان و بوونە قوربانییان بەهۆی ئاگری شەڕی لەگەڵ توركیا لەسەر خاكی هەرێم، ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی توركیا رای گەیاند كە بەنیازن ناوچەیەكی تەناهی تا قوڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر لە ناوچە سنوورییەكان لە ناو خاكی عێراق و سووریا دروست بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی ویزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەركۆنەی لەشكركێشیی توركیای بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆك كرد، لیوای یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ویزاریی ئاسایشی نیشتمانی كرد و باسی چەند بابەتێكی گرنگی تەناهی كران، لەوانە لەشكركێشیی توركیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشكان لەگەڵ عێراق.

روونی كردەوە، دووپات لە رەتكردنەوەی لەشكركێشییەكەی توركیا كرایەوە، بەوەی دەبێت ئەو وڵاتە رێز لە پرەنسیپەكانی دراوسێتی باش بگرێت و مامەڵەیەكی دیپلۆماسییانە لەگەڵ عێراق بكا و لەهەر بابەتێكی تەناهیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكات، سوودانی رێنوێنی دا بە رەوانەكردنی شاندێكی باڵا بە سەرۆكایەتیی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئاگەداربوون لە دۆخی گشتی و گەیشتن بە یەك هەڵوێست لەبارەی ئەو بابەتەی پێوەندی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل