ئەڵقەی هاوسەرگیری كە پیاوان زۆر حەز ناكەن بیكەنە پەنجەیانەوە، بۆ ئەوەیە لە شوێنان نەزانرێت هاوسەرگیرییان كردووە، ئێستە سامسونگ ئەڵقەیەكی هۆشمەندی بۆ داناویت، تا بچیتە هەر شوینێک و چی بكەیت لە ژیانتدا، ئاگای لێت بێت.
هەوادارانی زنجیرەی مۆبایل و ئامێرەكانی گالاكسی لە كۆمپانیای سامسونگی كۆرییەوە، چاوەڕێی دەرچوونی ئەڵقەیەک بوون كە دەتوانێت زۆر ئاسانكاری لە ژیانیان بكات تا لە دوایین نمایشدا لەگەڵ خستنەڕووی گالاكسی فۆڵد، ئەویشیان خستە بەر دیدی بینەران.
ئەڵقەی هۆشمەندی گالاكسی، دەتوانێت چاودێریی لایەنی تەندروستیی مرۆڤ لە زۆر ڕووەوە بكات، هەر وەكو كاتژمێرە هۆشمەندەكان بەڵام بە هەندێ وردەكاریی زیاتریشەوە، هەڵبەت ئەمەش داهێنانی سامسونگ نییە و پێشتر چەند كۆمپانیایەكی تەكنەلۆجی ئەم جۆرە ئامێرەیان خستووەتە بازاڕەوە.
بەگشتی ئەڵقەی هۆشمەند، دەتوانێت خێرایی ترپەی دڵ و كاتی خەو بزانێت و بەرنامەی سووڕی مانگانەی خانمانیش دەپێوێت و ئێستە كۆمپانیای Oura لەو بوارەدا بێ ڕكابەرە، بەڵام بە هاتنی گالاكسی، ڕكابەرێكی بەهێزی بۆ دروست بووە.