پلەكانی گەرما بەرەو نزمبوونەوەی بەرچاو دەچن

:: AM:09:58:12/07/2024 ‌
شارەزایەكی كەشناسیی رای گەیاند كە لە چەند رۆژی ئایندەدا بەهۆی كاریگەریی بارستە هەوایەكی بەرزی فێنكی توركیا پلەكانی گەرما لە عێراق دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن و دەستەی كەشناسیی عێراقیش رای گەیاند كە لە سبەی شەمووەوە پلەكانی گەرما لە تەواوی پارێزگاكان دێنەوە ئاستی ئاسایی و هیچ پارێزگایەك لە عێراقدا بە بەسرەیشەوە 50 پلەی تیادا تۆمار ناكرێت.

واسق سەلامیی شارەزای كەشناسیی عێراقیی لە بڵاوكراوەیەكی فەیسبووكدا كە "وشە" بینیوویەتی بینیوە روونيكردووەتەوە كە پەستانی سەرەوەی هەوا لە هەفتەی ئایندەدا دەگاتە 500 "هێكتۆباسكال"، كە ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی بارستەیەكی فێنك لە چینە بەرزەكانی ئاسمانی توركیا، پاشانیش بەهۆی پەستانی بەرزی هەواوە بارستە فێنكەی ئاسمانی توركیا كاریگەریی دەكاتە سەر كەشی عێراق و لە ئەنجامدا پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە. 

سەلامیی روونیشی كردووەتەوە كە ئەمڕۆ هەینی 11ی تەمووزی 2024  بای باكوری رۆژئاوا چالاك دەبێت و ئەمەیش بەشدار دەبێت لەوەی كەمتر هەست بە گەرما بكرێت لە وڵاتەكە و ئاماژەیشی داوە كە كە ئەمڕۆ لە تەواوی عێراق پلەكانی گەرما لە خوار 50 پلەی سیلیزییەوە دەبن جگە لە هەندێك ناوچەی فوراتی ناوەڕاست و باشووری عێراق كە 50 پلە تێدەپەڕێنن و سبەیش پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن. 

لای خۆشییەوە ئەمڕۆ هەینی 12ی تەمووزی 2024،  دەستەی كەشناسیی عێراقی بڵاوی كردەوە كە سبەی پلەكانی گەرما لە عێراق دادەبەزن و تەواوی پارێزگاكان پلەكانی گەرما تیایاندا دێنەوە خوار 50 پلەی سیلیزی،  بە جۆرێك نزمترین پلە لە سلێمانی تۆمار دەكرێت لە بەرزترین ساتیی گەرمیدا دەگاتە 41 پلە و بەسرەیش گەرمترین شوێنی عێراق دەبێت لە بەرزترین حالەتی گەرمییدا پلەی گەرما تیایدا دەگاتە 48 پلە. 

جێگەی ئاماژەیە، چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرمای بەهێز تەواوی عێراقی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 11 پارێزگای عێراق پشووی فەرمییان راگەیاند و بەپێی ئاماژە كەشناسییەكانیش تا تەواو بوونی تەمووز پێشبینی هیچ شەپۆلێكی تری گەرمای هاوشێوەی تاقەتپڕووكێن ناكرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود