توركیا چوار ملیۆن سەگی بەرەڵای هەیە

:: PM:09:54:12/07/2024 ‌

پارتی داد و گەشەپێدان لە توركیا پێشنیازی كردووە، شەقامەكانی لە سەگی بەرەڵا خاوێن بكاتەوە، ئەمەش ناڕەزایی ڕێكخراوەكانی مافی ئاژەڵانی لێ كەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 12ی تەمووز، پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی توركیا پێشنیازی كردووە، لە ڕێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، سەگە بەرەڵاكانی سەر شەقام كۆ بكرێنەوە، ئەمەش جگە لەوەی هەر لەناو پەرلەماندا مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، ناڕەزایی داكۆكیكارانی مافی ئاژەڵی هێنایە سەر هێڵ.

داكۆكیكاران لە مافی ئەو سەگانە دەڵێن، لەجێی كۆكردنەوەیان، با هەڵمەتێكی كوتانی گشتییان بۆ بكرێت، لە جێی ئەوەی لە شەڵتەرێكدا گیر بكرێن كە نازانرێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەپێی پرۆژەیاساكەی داد و گەشەپێدان، شارەوانییەكان هەستن بە كاری كۆكردنەوە و دۆزینەوەی شوێن بۆ داڵدەدانیان و هەر كەسیش لەو شوێنانە ویستی سەگێك بۆ خۆی ببات، پاش پشكنین پێی بدرێت.

بەپێی ئەو ئامارەی ئامادەكەرانی پرۆژەیاساكە كۆیان كردووەتەوە، لە توركیادا چوار ملیۆن سەگی بەرەڵا هەیە و لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، دوو ملیۆن و 500 هەزار سەگ كوتراون.



وشە - عەبدوڵا عومەر