شێرپەنجە نەخۆشییەكی تۆقێنەرە، چونكە چارەسەری زۆر سنووردارە، هاوكات نەخۆشی شەكرە كە یەكێكە لە نەخۆشییە دێژخایەنەكان، بەدرێژایی تەمەن لەگەڵ تووشبووەكەیە و پێویستە مرۆڤ كۆنترۆڵی بكات، باشترین رێگەچارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو نەخۆشییە خۆپاراستنە لێیان، توێژەران دوو سەرەداوی دڵخۆشكەر لە رووبەڕووبوونەوەی دوو نەخۆشییەكە دەدۆزنەوە.
دوو
توێژەری ئەمەریكی تێكەڵەیەكی چارەسەرییان سەبارەت بە نەخۆشی شەكرە دۆزییەوە، كار لەسەر نوێكردنەوەی خانەكانی بێتای بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین لە پەنكریاس دەكات، بۆیە توێژینەوەكە دەبێتە سەرەداوێك بۆ چارەسەری نەخۆشییەكە، كە بەشێكی بەهۆی كەمیی دەردانی ئەنسۆلین لە پەنكریاسەوە سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەتی لە جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە.
تاقیكردنەوەكە لەسەر مشكی تاقیگە كرا، كاتێك خانەی بێتای مرۆڤ لەناو لەشی مشكی تاقیگە كە كەمی بەرگریی لەشیان هەبوو چێنرا، وەك سامپڵێك بۆ نەخۆشانی جۆری یەكەم و دووەمی شەكرە لە مرۆڤ، توێژەران لە تاقیكردنەوەكانی بەر لە كلینیكی هەردوو بەرهەمی هارمینی سروشتی و دەرمانی شەكرەیان لە جۆری (GLP1) تێكەڵ كرد، توانیان لە ماوەی سێ مانگدا ژمارەی خانەكانی بێتای مرۆیی لەناو لەشی مشكەكان بە رێژەی 700% زیاد بكەن كە پێویستە بۆ چارەسەری نەخۆشی شەكرە.
لەلایەكی تر توێژەران لە سەنتەری هۆبكنز كیمیل بۆ شێرپەنجە و سەنتەری لۆدفینگ و تاقیگەی لۆستگارتن و پەیمانگەی بلۆمبێرگ كیمیل بۆ چارەسەری سیستمی بەرگریی شێرپەنجە، توانیان جۆرە خانەیەك بەرهەم بێنن دەتوانێت خانە شێرپەنجەییەكان بناسێتەوە و لەناویان ببات.
خانەكە ناوی (Co-STAR)ە و لە پێكهاتەی بۆماوەیی چوار جۆر خانەی بەرگری پێك هاتووە، كە ئامرازێكی بەهێزی نەهێشتنی شێرپەنجە پێكدێنێت، ئەو خانانە رێگە بە ئاشكراكردنی خانە شێرپەنجەییەكان و رووبەڕووبوونەوەیان دەدەن، واتە توانای بەرگریی لەش بەهێز دەكەن، ئەوەش پێشكەوتنێكی گەورەیە لە بواری چارەسەری لە رێگەی بەرگریی لەشە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.