هێزی ئاسمانیی عێراق بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مۆڵگەی ئەو چەكدارانەی داعشیان بۆمباران كرد كە دوێنێ دوو چەكداریان لە قەرەهەنجیر پەلاماری هێزەكانی ئاسایشیان دابوو.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تەمووز، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بڵاوی كردووەتەوە، ئەو چەكدارە داعشەی دوێنێ بە برینداری لەلایەن هێزەكانی ئاسایش لە شارەدێی قەرەهەنجیر گیرا، ددانی ناوە بەوەی كە حەشارگەكەیان لە چیای پەلكانەیە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین و ژمارەیەك چەكداری تری داعشی تێدایە.
باس لەوەش كراوە، لەسەر بنەمای ئەم ددانپێدانانە، فڕۆكەكانی F-16 بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان، حەشارگەكەی چەكدارانی داعشیان بۆمباران كرد.
لە ڕاگەیەنراوەكەی فەرماندەییەكەدا هاتووە، حەشارگەكەی چەكدارەكان دەكەوێتە سنووری ئۆپراسیۆنەكانی هێزەكانی عێراقی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین، لە ناویدا چەند چەكدارێك هەبوون و بە وردی بۆمباران كراوە و حەشارگەكە بەسەر چەكدارەكاندا خاپوور كراوە.
دوێنێ یەكشەم دوو چەكدار بە ماتۆڕسكیل لە شارەدێی قەرەهەنجیری سنووری پارێزگای كەركووك، پەلاماری هێزەكانی ئاسایشیان دا، بە هۆیەوە كارمەندێكی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و كارمەندێكی تریش بریندار بووە.