بەهۆی زۆریی تەنگژەكانەوە عێراقییەكان تووشی هەڵچوون و شێوانی دەروونی هاتوونەتەوە، گەرمای هاوین كێشەی ئەوانی قووڵتر كردووە، زۆرجار كێشەكانیان بە چەك یەكلا دەكەنەوە و ئەوەش قوربانی لێ دەكەوێتەوە، لە پارێزگەی بەسرە پرۆسەیەكی جیابوونەوەی دوو هاوسەر سێ كوژراو و دوو برینداری لێ كەوتەوە.
سەرچاوەیەكی تەناهی لەو پارێزگایە رای گەیاند كە بەهۆی ناكۆكیی خێزانی و دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵی بەهۆی جیابوونەوەی دوو هاوسەر، سێ كەس لە كەسوكاری پیاوەكە كوژراون و دوو كەسیش لە خێزانی هاوسەرەكە بریندارن كە برینی یەكێكیان سەختە، دوای رووداوەكە هێزە تەناهییەكان ناوچەكەیان گەمارۆ داوە.
سەرچاوەیەكی تری تەناهی لە پارێزگای بەسرە دووپاتی كردەوە كە ژنێك هەوڵی خۆكوشتنی لە رێگەی چەكەوە داوە، بەڵام رزگاری بووە، بابەتەكەی لە لێكۆڵینەوەیە و وردەكارییەكان ئاشكرا نەكراوە.
شایەنی باسە بەپێی ئامارەكان لە ساڵانی دوایی رێژەی خۆكوشتن و كوشتن لە عێراق بە شێوازی جیاجیا و بە هۆكاری جیاواز رووی لە هەڵكشانە، شارەزایان باسی هۆكاری جیاواز دەكەن، وەك هەژاری و بێكاری و خراپیی دۆخی ئابووری و مادەی هۆشبەر و توندوتیژیی خێزانی و بابەتە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام هەمووی وای كردووە ئەو كەسەی تووشی ئەو كێشانە دەبێت تووشی شێوانی دەروونی و خەمۆكی درێژخایەن ببێت و هیچ هیوایەكی بە ژیان نەمێنێت، بۆیە پەنا بۆ خۆكوشتن وەك ئاسانترین رێگە بۆ رزگاربوون دەبات.