"كابینەی نۆ دادپەروەرانە كارەكانی كردووە و پلان و پڕۆژەی بۆ هەموو ناوچەكان هەبووە"

:: PM:09:48:15/07/2024 ‌

نۆیەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی كە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان داینابوو سەركەوت و پلانەكان لە تەواوی ناوچەكان بەشێوەیەكی زۆر باش جێبەجێ كران، ژمارەیەك شارەزا و پەرلەمانتار باس لەوە دەكەن كە سەرۆكی حكوومەت توانی زۆر بەباشی خزمەت بكات و كارنامەی كابینەكەی جێبەجێ بكات.

ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كابینەی نۆ بەشێوەیەكی راست و دادپەروەرانە كارەكانی خۆی كردووە و پلانەكانی بەسەر هەموو ناوچەكان بەبێ جیاوازی دابەش كردووە، هەوڵی داوە زۆرترین كار بۆ هاووڵاتییان بكات و خزمەتیان بكات، رەنگە ئەمە قورس بووبێت بەو پێیەی لە سەرەتاوە كابینەكە رووبەڕووی زۆر كێشە ‌و ئاستەنگ بووەوە، بەتایبەتی دوو تەنگژە كە دۆخێكی خراپیان بۆ هەرێم دروست كرد، ئەوانیش دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنا بوون، كەچی هەموو پلانەكانی حكوومەت بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان تەرخان كران.

روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت رۆڵی گەورەی لە چارەسەركردنی كێشەكان بینی و توانی بەسەریاندا زاڵ بێت، هەرچەندە كێشە و بەربەست هاتنە پێش، كاتێك لە ناوخۆ كێشەی سیاسی هەبوو و بەربەست بۆ كارەكانی حكوومەت دروست دەكرا، بەڵام كۆی كێشەكان نەیانتوانی ببنە رێگر بۆ ئەوەی سەرۆكی حكوومەت بەردەوام نەبێت، بەڵكو زۆر باشتر كاری كرد و توانی بەسەر هەموو ئاستەنگەكان زاڵ بێت و خزمەتی خۆی بكات، لە پێشكەشكردنی زۆرترین پڕۆژە و خزمەتگوزاری و دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆی و دابینكردنی هەلی كار و هاوكاریكردنی چین و توێژەكان و گرنگیدان بە ژێرخانی ئابووری و دروستكردنی كوردستانێكی بەهێز.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، كابینەی نۆ لە هەناوی تەنگژەكاندا دەستبەكار بوو، كاتێك بەهۆی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە حكوومەت دوو ساڵ لە تەنگژەدا بوو، بەغدا مووچە و بودجەی نەدەنارد، كەچی پڕۆژە هەبوو و پەرەپێدانی پارێزگاكان هەبوو و مووچەكان دران، بودجەی بەردەوام بۆ پڕۆژەكان هەبوو و پڕۆژەی‌ گەورە و ستراتیجییەكانیش بەردەوام كاریان تێدا كراوە و پارەیان بۆ خەرج كراوە.

روونی كردەوە، ئەگەر ئەو تەنگژانە نەبوونایە كاری زۆر گەورەتر دەكرا، دوو ساڵی حكوومەت بەو دۆخەوە تێپەڕی و مەودای كاركردن كەم بوو، بەڵام كۆڵنەدان و بەردەوامیی حكوومەت، توانی كاری زۆرباش بكات و تا ئاستێكی زۆر لە ئاست داواكاریی خەڵك بێت، لە رووی خزمەتكردن وەڵامی داواكارییەكانیش بداتەوە.

پێوەست بەو باسە خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كوردستان لە هەموو بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، دەبێت هەمووان پێكەوە كار بۆ بەهێزكردنی كوردستان بكەن و ئەمەش تەنیا ئەركی لایەنێك نییە.

جووتیارە نموونەییەكە ئاماژە دەكات، ئەوەی حكوومەت بۆ پشتیوانی لە كەرتی كشتوكاڵ داینابوو هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و حكوومەتیش چاوی لە زیاترە، بەڵام هەرێمی كوردستان هی هەمووانە و هەر كارێك خزمەتكردنە بە هەمووان، بۆیە پێویستە پێكەوە كار بۆ بەهێزكردنی كوردستان بكرێت.

پێویستە بگوترێت كە مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران لە دیدارەكەدا نەیشاردەوە بەرنامە و پلانیان هەبووە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام لەلایەك كێشە و تەنگژەكان و لەلایەكیش كێشە سیاسی و رێگرییەكان هەبووە و هەموو هەوڵێكی خۆیان داوە بەسەر تەگەرەكاندا زاڵ بن، دووپاتی كردەوە كە هەمیشە بە گرنگییەوە تەماشای سلێمانیی كردووە و دڵی لای سلێمانی بووە، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە رێگریی لێ كراوە، لەبارەی مووچەشەوە دڵنیایی ‌دا كە چارەسەر دەبێت و كێشەی مووچە نامێنێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل