روانگەی "میرۆر"ی ئەمەریكی كە بە نزیك لە ئیسرائیل دادەنرێت، بڵاوی كردووەتەوە چاوەڕێی راپەڕینێكی شیعی دەكرێت دژی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، راپەڕینەكەیش لە عێراق و یەمەن دەست پێ دەكات لە ئەگەری بەردەوامی پلانەكانی ئیسرائیل بۆ بەردەوامبوونی شەڕ لە لبنان.
بەگوێرەی روانگەكە، لە ماوەی رابردوودا جووڵە و پلانی هاوبەشی نێوان میلیشیا شیعییە عێراقییەكان و حووسیەكانی یەمەن بەدیكراوە بەتایبەت لە بەئامانجگرتنی بنكە و پێگە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەكی چڕ و پڕ لە ناوچەكە بە تایبەت لەو كاتانەی كە ئیسرائیل هەڕەشەی شەڕی كردبێت لە لبنان.
روانگەكە ئەوەیشی ئاماژە پێداوە كە هەندێك رۆژنامەی لبنانی و سەرچاوەی نزیك لە میلیشیا شیعییەكان دووپاتییان لەو پلانە هاوبەشەی نێوان میلیشیا شیعییەكانى عێراق و حووسییەكانی یەمەن و حزبوڵای لبنانی كردووەتەوە، ئاماژەن بۆ نیەتی راپەڕینێك دژی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.
جێگەی سەرنجە ئیسرائیل ماوەیەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" کە خۆى بەمشێوەیە وەسفی کردووە، لە ناوخۆی لبنان بۆ بەئامانجگرتنی حزبوڵای لبنانی.