بڕیار درا لە هەولێر سواڵكەر و فاڵچی و گەنج و مێرمنداڵی سەر شەقامەكان بگیرێن

:: PM:01:33:17/07/2024 ‌
هەموو ئەو سواڵكەر و فاڵچی و گەنج و مێرمنداڵانەی لەناو ترافیكلایتەكان كار دەكەن دەگیرێن، پارێزگاری هەولێرشی دەڵێت،  هەر لەمڕۆوە دەیانگرین.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەسەر داواكاری هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێشتنی دیاردەی ناشارستانی و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگرتن لە ڕووداوی نەخوازراو، بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە بڕیار و ڕێنوێنییەكان، لە ئەمڕۆوە چوارشەم 17ی تەمووز ئەم بڕیارە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە راگەیەنراوەكەی پارێزگای هەولێردا هاتووە،  هەڵمەتی گرتنەكە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێت، بڕیارەكەش ئەوەی سواڵكەرە و ئەوانەشی فاڵ دەگرنەوە و هەموو ئەوانەی لە بەردەم پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كار دەكەن، تەنانەت ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەی لە ترافیكەكان كەلوپەل دەفرۆشن دەیانگرین.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ئافرەتانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باكوری هەولێر هەن، دەگیرێن و رێكاری یاساییان لە بەرانبەردا دەگیرێتەبەر.



وشە - سۆران عەزیز