هێزی پاك: بە هیچ شێوەیەك مووچەمان لە حكوومەتی هەرێم نەبووە و نییە

:: PM:07:34:18/07/2024 ‌
گوتەبێژی پارتی ئازادیی كوردستان "پاك" رەتی كردەوە كە نە لە رابردوودا و نە لە ئێستەیشدا هیچ مووچەیەكیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتبێت. روونیشی دەكاتەوە، وەك هەر حزب و پارتێكی تر پێش قەیرانی ئابووری یارمەتییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە كە بۆ هەموو حزبەكانی تریش دابین كرابوو. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تەمووزی 2024، خەلیل نادری گوتەبێژی پارتی ئازادیی كوردستان كە لەلایەن حوسێن یەزدانپەناوە سەرۆكایەتیی دەكرێت، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن هێزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان "پاك" لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە مووچەیان پێ دەدرێت، دوورن لە راستییەوە. 

گوتەبێژی پارتەكە ئەوەیشی گوت، نە لە ئێستە و نە لە رابردووشدا هیچ مووچەیەك لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە ئێمە نەدراوە تەنیا ئەوە نەبێت لە پێدانی خواردن و دابەشكردنی بەسەر میحوەرەكاندا لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی داعش یان شەڕەكانی تر بۆ پاراستنی هەرێم خواردن و چەك بەسەر ئێمەیش دابەشكراوە لەپاڵ پێشمەرگەی كوردستان. 

نادری زیاتر گوتی، تا قەیرانی ئابووری و ساڵی 2014، هاوشێوەی تەواوی حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن "مینحە" و هاوكاری مانگانە كە بۆ حزبەكان دابین كرابوو، ئێمەیش ئەو "مینحە"یەمان وەردەگرت. 

پارتی ئازادیی كوردستان پارتێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵی 1991 تا ئەنجامدانی یەكەم كۆنگرە ناوی پارتەكە "یەكێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان"بوو و حوسێن یەزدانپەنا سەرۆكی حزبەكەیە و لە ماوەی رابردوودا پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو كرابووەوە كە ئەم هێزە مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، بۆیە بەغدا مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش دوا دەخات.


وشە - پۆڵا مەحموود