جێگرەكەی بن لادن گیرا

:: PM:08:24:19/07/2024 ‌

حكوومەتی پاكستان ڕای گەیاند، دواجار توانییان هاوبەش و نزیكێكی ئوسامە بن لادن، سەرۆكی ڕێكخراوی قاعیدە بگرن كە یەكێ لە پیلانگێڕانی ڕووداوەكانی 11ی سیپتەمبەری ساڵی 2001 بووە لە ئەمەریكا.

ئەمڕۆ هەینی، 19ی تەمووز، بەرپرسانی دژەتیرۆری وڵاتی پاكستان ڕایان گەیاند، توانیویانە لە شاری گوجارات لە ویلایەتی بنجاب، لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، "ئەمین ئەلحەق" بگرن، بە تۆمەتی تێوەگلانی لە كاری گێرەشێوێنی و بە ئامانجگرتنی چەند شوێنێكی گرنگ لە وڵاتەكەدا.

عوسمان گونداڵ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ناوچەكە گوتی: ئەوتۆمەتبارە كە بە  ئەمین ئەلحەق ناسراوە، پاش كردەیەكی چاودێری كە ساڵێكی خایاندووە، گیراوە، لە كاتێكدا لە شارەدێیەكی نزیك شاری جیلۆم خۆی شاردبووەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم گرتنە، زۆر كاری تیرۆریستیی پێشبینیكراوی لە پاش خۆی پووچەڵ دەكاتەوە كە ئەمین ئەلحەق پلانی بۆ داڕشتبوون.

پێشتر ئەمین ئەلحەق، یەكێك بوو لە داواكراوان لە لیستی ئەمەریكا و یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، بەوەی هاوبەشی بن لادن بووە. هەروەها ناوی ئەمین لە لیستی سزادراوانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە ڕێكخراوی ئەلقاعیدەدا.

ئەمین ئەلحەق، خۆی خەڵكی ئەفغانستانە، بەوە تۆمەتبارە كە چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ قاعیدە پەیدا كردووە.


وشە - عەبدوڵا عومەر