بۆچی ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی یەمەنی بۆردمان كرد؟

:: PM:08:05:21/07/2024 ‌

لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، میلیشیا شیعەكان لە لبنان و یەمەن و عێراق و سووریا دەستیان بە بۆردمانكردنی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە كرد، بەتایبەتی حوسییەكانی یەمەن لە هەموو گرووپەكانیتر دەستكراوەتر بوون، رۆژانە بە مووشەك و درۆن هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل، هەینی رابردووش هاووڵاتییەكی ئیسرائیلیان كوشت و هەشتی تریان بریندار كرد، دوێنێ شەموو ئیسرائیل بەتوندی وەڵامی دانەوە و بەندەری ستراتیجیی حودەیدەی بە سەختی بۆردمان كرد.

شارەزایان ئەو بەندەرە یەمەنییە بە ویڵاشی حوسییەكان دادەنێن، چونكە شوێنێكی گرنگی ستراتیجی هەیە و دەروازەی یەمەنە لەسەر دەریای سوور و شادەماری هاتنی چەك و كاڵاكانە بۆ ئەو گرووپە شیعەی كۆنترۆڵی یەمەن دەكات، كە بە هاوشێوەی حزبوڵای لبنانی ئەكتیڤە و بووەتە شمشێری ئێران لەسەر ملی سعوودیە و كەنداو و هەردوو دەریای عەرەبی و سوور، بەرپرسانی یەمەن بەندەرەكە بە ویڵاشی حوسییەكان وەسف دەكەن، لەوێوە كاڵا و تەقەمەنی و چەك و نەوتی ئێرانیان بۆ دێت، داهاتێكی زۆریشیان لە كەشتییە دەریاییەكان كە بەوێدا تێپەڕ دەبن یان دەگیرسێنەوە دەست دەكەوێت، بۆیەش ئیسرائیل كردییە ئامانج.

دوێنێ 20 فڕۆكەی جەنگی ئیسرائیل لە جۆری ئێف15، دووری نزیكەی دوو هەزار كیلۆمەتریان بڕی و هێرشیان كردە سەر بەندەری حودەیدەی یەمەنی، ئەمبارەكانی سووتەمەنی و بنكەكانی گومرگیان لەو بەندەرە كردە ئامانج، جیا لە سەكۆی بەتاڵكردنی سووتەمەنی و غاز و دوو هەڵگری كۆنتێنەر، وەك فەرمانبەرێكی بەندەرەكە وای گوت.

بەندەری حودەیدە دەكەوێتە ناوەڕاستی كەناراوەكانی یەمەن بە دووری 226 كلیۆمەتر لە رۆژئاوای سەنعای پایەتەخت، لە 1961 بە هاوكاری یەكێتی سۆڤیەت دروست كراوە و رووبەری وشكانییەكەی سێ ملیۆن مەتر سێجایە و هەشت سەكۆی پێشوازیكردنی لە كەشتییەكان بە درێژایی 1461 مەتر هەیە، دەروازەی سەرەكیی یەمەنە لەسەر دەریای سوور و دووەم گەورەترین بەندەرە لەسەر دەریاكە لە دوای بەندەری جەدەی سعوودیە. 

ئەو بەندەرە كێشەیەكی گەورەی لەسەر بوو، لە 2018 شەڕێكی توندی لە نێوان حكوومەتی یەمەن و حوسییەكان لەسەر دروست بوو، چونكە داهاتی ساڵانەی 72 ملیۆن دۆلار بوو و مووچەی فەرمانبەرانی یەمەنی لێ دەدرا، كەچی حوسییەكان ئەو پارەیان بۆ خۆیان برد و كاری قاچاخی چەك و نەوت دەكەن و لەوێوە هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان، وەك سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن گرنگیی بەندەرەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شادەماری قاچاغی سووتەمەنی و چەكە لەلایەن كۆمپانیاكانی سەر بە حوسییەكان و لەوێوەش هێرش دەكرێتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان. 

هەر بەپێی زانیارییەكان، حوسییەكان بۆ هەر كەشتییەك بگاتە ئەو بەندەرە بڕی پێنج ملیار ریالی یەمەنی وەردەگرن، حكوومەتی بەریتانیا لە مانگی ئایاری رابردوو رای گەیاند كە هاتنی 500 باری نەپشكنراویان بۆ بەندەرەكە تۆمار كردووە، ئەوكات موحسین داعری، وەزیری بەرگریی یەمەن دووپاتی كردەوە كە ژمارەیەك كەشتیی ئێرانی لە بەندەر عەباسەوە راستەوخۆ گەیشتوونەتە بەندەری حودەیدە بێ ئەوەی بپشكنرێن، ئەوەی دووپاتكردنەوەی ئەوەیە كە چەك و شارەزای سەربازیی ئێران بۆ سەرپەرشتیكردنی بۆردمان و هێرشی حوسییەكان لە دەریای سوور گەیشتوونەتە یەمەن، پێشتریش پارێزگاری حودەیدە دروستی ئەو زانیارییانەی دووپات كردەوە بە گەیشتنی كەشتی و چەكی ئێرانی بۆ بەندەرەكە، كە بە یەكێك لە گرنگترین دامەزراوەی ژیرخانی یەمەن دادەنرێت.

دوێنێ شەموو ئیسرائیل وەڵامی هێرشی هەینی رابردووی حوسییەكانی دایەوە و بە 20 فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی زنجیرە هێرشێكی كردە سەر بەندەری حودەیدەی یەمەنی و دامەزراوە نەوتییەكانی سووتاند، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە حوسییەكان سیستمی پێشكەوتووی بەرگریی ئاسمانییان نییە، بۆیە ئەوەی ئیسرائیل كردی پەیامێك بوو بۆ تاران بەوەی دەستیان درێژە و بەوانیش دەگات.

بەپێی راپۆرتەكان ئیسرائیل دەیتوانی لەو هێرشەی درۆنی جۆری حیروون-تی بی بەكار بێنێت كە مەوداكەی چوار هەزار كیلۆمەترە، بەڵام فڕۆكەی جۆری ئێف 15ی بەكار هێناوە، كە ماوەی تەلئەبیب و حودەیدە دوو هەزار كیلۆمەتەرە، لەوكاتەی ماوەی نێوان بنكەی ئاسمانیی كیریا لە تەلئەبیبەوە بۆ تاران 1500 كیلۆمەترە، بۆیە جیا لە حوسییەكان، ئیسرائیل ویستی پەیام بە ئێران بدات بەوەی ئێوەش لەناو ئامانجەكانن.

لەبارەی هێرشەكەوە یواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە بەوەی ئاگری حودەیدە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، رشتنی خوێنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل باجی هەیە، بۆیە هەر هێرشێك لە لبنان و غەزە و یەمەن و شوێنی تریش بۆ سەر ئیسرائیل هەمان ئەنجامی ئەمڕۆی دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل