رەنگە كاتی بێت و بەهۆی جووڵانەوەیەكی هەڵە یان زۆر دانیشتن یان وەستان یان بەرزكردنەوەی قورسایی كە مرۆڤ تووشی پشتئێشە دەبێت، بەڵام دەكرێ پشتئێشەكە ببێتە درێژخایەن و پێویست بە چارەسەری بكات،
لی كارترایت، شارەزا لە "مۆبیلیتی سۆلیشن دایرێكت" دەڵێت، هەندێك خوو و ئاكاری رۆژانە هەن پشتئێشە دروست دەكەن یان بەئازارتری دەكەن لەوانە:
*وشكهەڵگەڕان، واتە كەمخواردنەوەی ئاو شلەكان، كار لە بڕبڕەی پشت و جومگە و خەپڵە كڕكڕاگەیی و بەستەرەكان دەكات، لاوازیان دەكا و جووڵانەوەیان بە زەحمەت و بە ئازار دەكات.
* نوستن لەسەر سك، چونكە گوشارێكی زۆر لەسەر ماسولكە و جومگە و بڕبڕەكانی پشت دروست دەكات، وا دەكا ئەو كەسە ملی بسووڕێنێت، ئەوەش هەر ئازاری مل و سەرووی پشت و سڕبوون دروست دەكات.
*نەخواردنی بڕی پێویستی پڕۆتین، چونكە كار لە توانای لەش بۆ پاراستن لە ماسولكە شانەكان و چاكبوونەوەیان دەكات، بۆیە ماسولكەی پشت تووشی شەكەتی و ماندووبوون دەبن و ئازار دروست دەكەن، جیا لە لاوازكردنی بەستەرە شانەكان.
*زۆر خواردنی شیرینی و خۆراكە شیرینەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوكردنی درێژخایەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی سووڕی خوێنیان لاوازە، ئەوەش وا دەكات جومگەكان و پشت تووشی هەوكردن و ئازار ببنەوە.
*كەمجووڵانەوە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ گرژی و لاوازیی ماسولكەی پشت و وشكهەڵگەڕان و ئازاری پشت دروست دەكات.
*خۆشۆڕكردنەوە و چەماندنەوە لەكاتی دانیشتن لەسەر كۆمپیۆتەر، كار لە ماسولكە و بەستەرەكان دەكا و هەوكردن و گرژبوون و ئازاری ماسولكەی پشت دروست دەكات.
*رارایی و ئاڵۆزیی بیركردنەوە ئاماژە بە بوونی مەترسی بۆ لەش رەوانە دەكات، ئەویش كار لە ماسولكەكانی پشت دەكا و تووشی شەكەتی و تێكچوون دەبنەوە و ئازاری پشت دروست دەكەن.