خێزانی ئەو كچانەی وەك بارمتە كەوتوونەتە بەردەستی بزووتنەوەی حەماس لەوكاتەی ساڵی رابردوو هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، وێنەیەكی كچەكانیان بڵاو كردووەتەوە كە لە غەزە گیراوە. دەڵێن بۆ پاڵەپەستۆیە بۆ سەر سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان تا كچەكانیان رزگار بكات.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 22ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، كۆڕبەندی بارمتەكانی ئیسرائیل كە لە بەردەستی بزووتنەوەی حەماسن، رای گەیاندووە كە كەسوكاری بارمتە كچەكان بڕیاریان دا ئەو وێنەیەیان بڵاو ببێتەوە، لە وێنەكەدا وێنەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە پشتی بارمتەكان دەردەكەوێت.
ئاماژە دراوە كە لە وێنەكەدا چوار كچی بە بارمتەگیراو دەردەكەون و وێنەكەیش بۆ یەكەمین رۆژی گرتنیان لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 دەگەڕێتەوە، ناوی كچەكانیش لیری ئەلباج، ئاگام بیرگەر، دانێلا جەلبوع و كارینا ئەریفە.
باس لەوە دەكرێ كە مەبەستی كەسوكاری كچە بە بارمتەگیراوەكان بە بڵاوكردنەوەی وێنەكەیان، بۆ پاڵەپەستۆ خستنەسەر بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە تا لە دانوستانەكاندا هەوڵ بدات بەزووترین كات بارمتەكان رزگار بكات.
دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو كچانە وەك چاودێر لە هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل لە ناوچەی ناحال عوز كاریان كردووە، ئەو ناوچەیەی لە كاتی هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چوونە ناو ئەو بنكە سەربازییەی كچەكان تێیدا كاریان دەكرد و لەوێ گیراون.
گوتەبێژ بەناوی كەسوكاری بارمتەكان رای گەیاندووە، كەسوكاری بارمتەكان بڕیارێكی بوێرانەیان داوە بۆ ئاشكراكردنی ئەو وێنەیە. ئەوان پێیان وایە ئەو هەڵوێستەیان وا دەكات زیاتر لە كچەكانیان نزیك ببنەوە و رزگار بكرێن و بگەنە باوەشی خێزانەكانیان.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
ئیلاف
https://elaph.com/Web/News/2024/07/1543259.html
وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد