دیموكراتەكان دەست بە رێوشوێنی دیاریكردنی كاندیدی نوێیان دەكەن

:: PM:06:02:22/07/2024 ‌

شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پاشەكشەی لە كێبەركێی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە راگەیاند، ئەگەرچی ئەو پاڵپشتیی خۆی بۆ كامالا هاریس، جێگرەكەی بۆ بوون بە كاندیدی پارتەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆتایی ئەمساڵ دووپات كردەوە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە رەنگە هاریس كۆدەنگیی حزبەكەی و پارەبەخشەكانی لەسەر نەبێت، بۆیە پارتەكە دەستی بە رێوشوێنی دیاریكردنی كاندیدی نوێی بۆ ركابەریی دۆناڵد ترەمپ دەست پێ كرد.

یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم بایدن كە وای كرد پاشەكشە بكات، رەتكردنەوەی پاڵپشتیی پارەبەخشەكان بوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی دیموكراتەكان لەكاتی مانەوەی بایدن، بۆیەش بە ناچاری و لەسەر داوای زۆرینەی بەرپرسان و كۆنگرێسمانەكانی ئەو حزبە پاشەكشەی كرد، لەوكاتەی دوای كشانەوە ئەو پارەی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبەكە هات گەیشتە 46.7 ملیۆن دۆلار.

دوای كشانەوەی بایدن، ئێستە كێبەركێی سەرۆكایەتیی پێویست بە بوونی كاندیدێكی بەهێزی دیموكراتەكان بەرانبەر بە ترەمپ دەكات، بۆیەش حزبەكە دەستی بە گفتوگۆ و رێوشوێنەكانی كرد بۆ دیاریكردنی ئاخۆ هاریس باشترین بژارەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.

كامالا هاریس، جێگری سەرۆكی تەمەن 59 ساڵ كە لەلایەن بایدن و بیل كلینتۆن و هیلاری كلینتۆن و كۆنگرێسمانە دیموكراتە رەشپێستەكان پاڵپشتی دەكرێت، لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە شانازییە بۆ ئەو پاڵپشتیی سەرۆك بەدەست بێنێت و نیازی ئەو بوون بە كاندید و بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتییە، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ یەكخستنی حزبی دیموكرات و نەتەوەكەمان بۆ سەركەوتن بەسەر دۆناڵد ترەمپ دەدات. 

لەوكاتەی بڕیارە پارتی دیموكرات كۆنگرەی گشتیی خۆی لە 19ی ئابی داهاتوو لە شیكاگۆ ببەستێت و بە فەرمی كاندیدی حزبەكە و جێگرەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی دیاری بكات، بەڵام تەواوی دیموكراتەكان پاڵپشتیی لە هاریس ناكەن و پێیان وایە دەبێت كەسێكی بەهێز بێت و دیموكراتەكان یەك بخا و پارەبەخشەكان پێی رازی بن، لەوانە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتر و نانسی بیلووسی، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل