یەكەم و دووەمی سەر ئاستی عێراق دوو قوتابیی كەركووكین لە خوێندنی كوردی

:: PM:07:11:22/07/2024 ‌
ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشی ئامادەیی "12ی ئامادەیی" عێراق بڵاو كرایەوە، بەپێی ئەنجامەكان كوردێك لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە بە كۆنمرەی 100 و كوردێکى تریش لە ئاستی دووەمەكانی عێراق دایە بە كۆنمرەی 99.71 و هەردووكیان قوتابیی خوێندنی كوردین لە كەركووك. 

ئەمڕۆ دووشەم 22ی تەمووزی 2024، كامەران عەلی بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك بڵاوی كردووەتەوە، قوتابی "كاردۆ فەرحان عەبدولكەریم" یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بە كۆنمرەی 100، لە خوێندنی كوردی بەدەست هێناوە لە قوتابخانەی رۆشنبیری.

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی نووسیوویەتی، پیرۆزبایی لە خوێندنی كوردی و سەرجەم مامۆستایان دەكەم بە بۆنەی ئەم سەركەوتنە.

لای خۆشیەوە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم بڵاوی كردەوە، لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە، پەیامی پیرۆزبایی  سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانیمان گەیاندە قوتابی "کاردۆ  فەرحان عەبدولکەریم" یەکەمی سەر ئاستی عێراق کە لە پارێزگای کەرکووک و "محەمەد سامان رەئوف" دووەمی عێراق كە بەهەمان شێوە قوتابیەكی كوردە و لە ، لە خوێندنی کوردی دەخوێنێت. 

لە پەیامی وەزیری پەروەردەدا هاتووە، پیرۆزبێت لە کەرکووک، پیرۆزبێت لە خوێندنی کوردی و بەهیوای سەرکەوتن بۆ گشت قوتابییانی کەرکووک، سوپاس بۆ مامۆستا ئازیزەکانمان لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک.

جێگەی ئاماژەیە، لە 2003وە تا ئێستە ئەو قوتابخانانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركووك خاوەندارییەتی دەكات 550 قوتابخانە و 48 باخچەی منداڵانن و نزیكەی نۆ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە بەشی خوێندنی كوردی كەركووك لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە مووچەكانیان دەدرێت و میلاكن لەسەر حكوومەتی هەرێم.


وشە - پۆڵا مەحموود