ئێستە هەزاران كەسی تاوانبار بە تاوانی جیا جیا و بێتاوان لەسەر دۆسیەی سیاسی لە زیندانەكانی عێراق هەن، سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای زیقاڕ دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ دووشەم 10 تاوانبار لە گرتووخانەی حوت لە ناسرییە لەسێدارە دراون كە زۆرینەیان داعشن.
یەكێك لە كێشەكانی
عێراق زیندانەكانە، كە قەرەباڵغییەكی زۆری تیادایە، زیندانەكانی چەند جۆرێكن و تێكەڵ كراون، تیرۆر و سیاسی و مادەی هۆشبەر و تاوانی كوشتن و ئاسایی و نائاسایی، جیا لەوەی بەشێكیان بێ دادگاییكردن یان دوای ددانانی بەزۆر لەوێن و بۆ مەبەستی مەزەوی و سیاسی گیراون، دۆخی ئەو گرتووخانانە لە رووی تەندروستی و مامەڵەكردنەوە زۆر خراپە، بازرگانییەكی گەورە لەوێ دەكرێ و نەخۆشی گەڕی و سیل و هیتریش بڵاوە، ناوە ناوە گیانلەدەستدانی ژمارەیەك گیراو دێتە راگەیاندن، ئەوانەش بەپێی راپۆرتەكان.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە زیقاڕ رای گەیاند كە وەزارەتی دادی عێراق، كە سەرپەرشتیی گرتووخانەكان دەكات، سزای لەسێدارەدانی بۆ 10 زیندانی لە گرتووخانەی ناوەندیی حوت لە رۆژئاوای شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقاڕ جێبەجێ كردووە.
هەر بەپێی سەرچاوەكە ئەو تاوانبارانەی سزاكەیان جێبەجێ كراوە، زۆرینەیان ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعشن و بڕیارەكەش لەلایەن سەركۆمار واژووی لەسەر كراوە.