ئاسایشی یەكێتی فەرمانی توركیای جێبەجێ‌ كرد

:: AM:09:00:23/07/2024 ‌
بڕیار بوو ئێوارەی دوێنێ‌ چەند لایەنگرێكی پەكەكە گردبوونەوە ئەنجام بدەن، بەڵام ئاسایش پەلاماری دان و ئەوان دەڵێن، فەرمانی توركیایان جێبەجێ‌ كردووە.

‎ئێوارەی دووشەم بڕیار بوو لە باخی گشتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەلایەن كۆمەڵێك ڕیكخراوەوە ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی ڕاگەیاندنی (بەرەی یەكڕیزی دژی داگیركاری)، بەڵام ئەم كارە بەر لە كۆبوونەوەی خەڵك، ڕووبەڕووی پەلاماردان بوونەوە و تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەركرد و پێیان ڕاگەیاندن كە ڕێپێدراو نین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیارییەك لەبارەی گردبوونەوەكە ئەنجام بدەن. 

‎كار بەمەشەوە نەوەستا و كەسانێك كە بە مەبەستی بەشداریكردن هاتبوون، ڕووبەڕووی پەلامار و  ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتیی (بەرەی یەكڕیزی دژ بە داگیركاری) دەستبەجێ بڕیاری دا كۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەكە بباتە بەردەركی سەرا و لەوێ ئەنجامی بدەن.

‎ دواتر دەست كرا بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەكە لەلایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لەپڕ هێزەكانی ئاسایش بەشێوەیەكی دڕندانە و ناشیرین پەلاماری بەشدارانیان دا، بەڵام هەڵسووڕاوان شوێنەكەیان جێنەهێشت و بە گوتنەوەی دروشم دژ بە توركیا و هاوكارانی توركیا بەرگرییان كرد، لە بەرانبەر پەلاماردانەكانی ئاسایشدا وەستانەوە و دواتر كەوتنەبەر ئازار و ئەشكەنجەدانی هەڵسووڕاوان، بۆیە سەرباری برینداركردنی هەڵسووڕاوێك كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد، بە جۆرێك كە لووتی بە زەبری هێزە تەناهییەكانی سلێمانی شكێنراوە.

‎میدیاكانی سەربە پەكەكە دەڵێن، لەم دەڤەرەدا كە ساڵەهایە لافی ئازادی و دیموكراسی لێ دەدرێت، دوێنێ‌ لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و ئاسایشی توركیا، كەوتنە وێزەی دەنگی ئازادیخوازان، لەبری راوەستانەوە و فەرمانی توركیایان جێبەجێ‌ كرد.


وشە - رامیار جەواد