داگیركارییەكی زۆر لە زەوی و موڵكی گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە، ئەوە وای كردووە زیانی زۆر بە موڵگی گشتی بگەیەنرێت، كە بە ئاشكرا هەزاران دۆنم زەوی لە ژێر ناوی جۆراوجۆر داگیر و پارچە پارچە كراوە و بە نرخێكی زۆر فرۆشراوە، لە دوایین داگیركاریی موڵكی گشتی كە بە ناوی وەبەرهێنان و پڕۆژە دراوەتە سەرمایەداران، شاخی گۆیژە و موڵكێكی پەروەردەی سلێمانییە لە بەكرەجۆ.
پێشتریش هەزاران پارچە زەوی لە سلێمانی بە ناوی دابەشكردن و هێزی تەناهی، پارچە پارچە كراون و فرۆشراون لەكاتێكدا ئەوانە موڵكی گشتین، بەڵام بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی و كەسی و كۆمپانیاكان بەكار هێنراون و بە پارەیەكی خەیاڵی فرۆشراون، هیچ كەس و لایەنێكیش لەسەر ئەو كارە قسەی نەكردووە و هەڵوێستی نەبووە.
كەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، داگیركردنی زەوی لە سلێمانی بەردەوام هەبووە، لە چەندین شوێن داگیر كراوە و فرۆشراوە، چەند ساڵێك پێش ئێستە بە پشتبەستن بە یاسای وەبەرهێنان و بە ناوی یاسا سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە ئاگریان تێبەردرا، زەوییەكانیان داگیر كرا و دواتر پارچە پارچە كران و فرۆشران، كران بە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران.
زیاتر گوتی، لێرە دوودڵی لە هیچ شتێك ناكرێ و لە پێناو دەوڵەمەندبوون هەرچی بێت دەیكەن، لە سلێمانی گۆیژە و سنەوبەرەكان بەو دەردە دەبرێن، لە گەرمیان رووباری سیروان بە كۆمپانیا دەدرێت و لە بەرژەوەندیی كەس لایەنە چاودێرەكان هەموو لاواز كران، ئەنجوومەن و پەرلەمان نەمان، نەبوونی ئەمانەش وای كرد هەرچییەكیان بوێ بیكەن، بەشێكی بە ناوی یاسای وەبەرهێنان و بەشێكی تری بە ناوی یانەی وەرزشی چەندین زەوی داگیر كراوە، بەشێكیشی بە ناوی شەهیدان و شتی تر، بۆیە ئەگەر 200 پارچە زەوی بە كەسوكاری شەهید درابێت، هەزاران پارچەی تر براوە.
پێشتر عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لە دۆسیەیەكدا لەبارەی داگیركردنی زەویەكانی سلێمانی ئەوەی بڵاو كردەوە، لە سلێمانی ئەو شوێنانەی هەزاران پارچە زەوییان بە نایاسایی لێ فرۆشراوە و چەند بەرپرسێكی سەربازی و تەناهی دەیان ملیۆن دۆلاریان پێ كۆ كردووەتەوە، ناوچەی ئاوبارە، رێگەی تاسڵوجە و سوتاندی سنەوبەرەكان زیاتر لە 120 دۆنم، تەنیشت و پشتی قەبرستانی عەواڵ، بەرانبەر مەحەتەی كارەباكە زیاتر لە هەزار دۆنم، بەرانبەر دەرگەی سەناعەی بەكرەجۆ، تەنیشت مەتاری سلێمانی، زەوی تەرخانكراو بۆ خزمەتگوزاریی گەڕەكەكانی بیستەكان و تەنیشت دەواجنەكان، كانی گۆمە تا تانجەرۆ، خوار بەكرەجۆ زەوییە كشتوكاڵیەكان، خەلیفاوا، چەندین شوێن و ناوچەی تر.
لە لایەكی ترەوە لە دوایین دۆسیەی داگیركاریی زەویی موڵكی گشتی لە سلێمانی، شاخی گۆیژە لە لایەن كۆمپانیای قەیوانەوە دەست بە هەڵدڕینی كراوە و دەكرێتە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، كە دەیان دۆنم زەوی دەبێت، زەویەكە لە موڵكی گشتییەوە دەكرێتە موڵكی تایبەت، هەروەها لە چەند رۆژی رابردوو بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی باسی لە دۆسیەی داگیركردنی زەوی بینایەكی سەر بە پەروەردەی سلێمانی كرد لە بەكرەجۆ كە 182 دۆنمە و دراوەتە كۆمپانیایەك و دەكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.
لای خۆیەوە ئاراز جەبار، چالاك بە "وشە"ی راگەیاند، سلێمانی وەك كێكێكی لێ هاتووە لە نێوان كۆمپانیاكان بەش دەكرێت، بەو هۆیەوە هەرچی سیما و جوانیی شارەكە هەیە وردە وردە بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوو دارستانەكانی تاسڵوجە سووتێنران و زەوییەكەیان بەش بەش كرا و كرانە شوێنی پێشانگەی ئۆتۆمبێل، ئێستەش دەست بە بڕین و هەڵدڕینی گۆیژە كراوە و دەكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.
روونی كردەوە، سلێمانی و سلێمانییەكان پێویستییان بە خزمەتكردن و خزمەتگوزاری و پڕۆژە هەیە، بەڵام نەك پڕۆژەیەك لەسەر موڵكی گشتی و ناوچە دیارەكانی شارەكە و بۆ خزمەتی كەس و كۆمپانیا بێت، ئەوەی لە ماوەی رابردوو دەستی دراوەتێ بە تێكدانی شاخی گۆیژە و كردنی بە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، هەوڵدانە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی شوێنە دیارەكانی سلێمانی، كە بۆ شارەكە و خەڵكەكەشی گرنگ و تایبەتمەندیی خۆی هەبووە و هەیە.
وشە/ تایبەت