شەوی رابردوو مەترسیی كەوتنی مووسڵ هەبوو

:: AM:08:58:24/07/2024 ‌
شەوی رابردوو مەترسی لەسەر مووسڵ هەبوو، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی سەتان چەكدار هاتنە ناوەوەی شارەكە كە چەكداری داعش بوون و لە سووریا هەڵاتوون.

سەلام ئەبو مەعسوومە یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا رای گەیاند، هەواڵی هاتنەناوەوەی سەتان چەكدارمان بۆ مووسڵ پێ گەیشتووە، بەهەموو توانای هێزە تەناهییەكانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگە تەناهییەكان ئامادەین.

زیاتر گوتی، هێزەكانی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی فیدراڵی، توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان هەیە و ڕێگریی لە هەر دزەكردنێك دەكەن لەلایەن ئەندامانی داعشەوە، ئەم بابەتە بۆ ئێمە سادەیە و نابێت زیادەڕەویی تێدا بكرێت.

ئەو هەواڵە كاتێك گەشەی كرد، ئەندامێكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی ڕۆژئاوای نەینەوا و یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی هۆزەكان، بەدر شەمەری دزەكردنی 470 تیرۆریستی داعشی لە سووریاوە بۆ ناو عێراق ئاشكرا كرد.

شەمەری ڕای گەیاندووە، زانیاری لەسەر دزەكردنی 470 تیرۆریستی داعش هەیە كە هاتوونەتە پارێزگای نەینەوا و بەتایبەت بۆ شاری مووسڵ .

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە وایكرد شەوی رابردوو تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، هێزەكانی عێراق لەو ناوچەیە لە حاڵەتی ئامادەیی پلەی "ج" بن بۆ هەر ئەگەرێكی شەڕ.


وشە - رامیار جەواد