چۆن تووشی لاوازیی سێكسی دەبین؟

:: PM:09:37:24/07/2024 ‌

لاوازیی سێكسی حاڵەتی ئاسایی و نائاسایی هەیە، بۆ نموونە چوونە ناو تەمەن یان تووشبوون بە هەندێك نەخۆشیی درێژخایەن ئاساییە، بەڵام هەندێك كێشەی دەروونی و خێزانیش دروستی دەكەن، پزیشكێكی پسپۆڕ ئاماژە بۆ هۆكارەكان و پێویستیی زوو چارەسەركردنی لاوازیی سێكسی پیاوان دەكات.

د. باتور گۆنشیكۆڤ، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی كۆئەندامی میز ئاماژە دەكات، لاوازیی سێكسی پیاو بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە و پێویستی بە چارەسەركردنێكی خێرا هەیە، ئەو حاڵەتە پێوەندی بە دروستبوونی كێشە لە كار و فەرمانی لوولەكانی خوێن هەیە، كاتێك بەهۆی گیران و تەسكبوونەوەیان، خوێن وەك پێویست ناگاتە ئەندامی نێرینە و كێشە لە رەقبوونی دروست دەبێت، بۆیە پیاو تووشی لاوازی و بێتوانایی سێكسی دەبێت. 

ئەو پزیشكە ئاماژە بۆ هۆكاری تر دەكات و دەڵێت، هەستكردن بە شەكەتی و خەمۆكی و رارایی و كێشە دەروونیەكان بە گشتی كاریگەریەكی نەرێنیان لەسەر تەندروستیی سێكسی پیاو هەیە، چونكە خواستی سێكسی كەم دەكەنەوە و تووشی لاوازی یان پەككەوتنی سێكسی دەكەنەوە. 

جیا لەوانەی سەرەوە كە رەنگە هەموویان تێكهەڵكێش و پێوەست بن بەیەكەوە، ئەو نەخۆشیانە كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر توانای سێكسی پیاو و رەقبوونی چووكی كەم دەكەنەوە، لەوانە نەخۆشیەكانی شەكرە و بەرزیی پەستانی خوێن و كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن و تێكچوونی هەستە دەمارەكان، جیا لەوان هەندێك دەرمانیش رۆڵیان لە دروستبوونی هەیە وەك دژەهەستیاری و دژەخەمۆكی و دەرمانەكانی كۆلیسترۆل، ئەوانە لەپاڵ دروستبوونی كێشەی خێزانی كە رارایی و بێمتمانەیی دروست دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل