عێراق یەكێكە لەو وڵاتانە ساڵانە هەزاران تۆن ماسی بەرهەم دێنێت، هاوكات خەڵكەكەی ماسییەكی زۆر دەخۆن و بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكان ماسییەكی زۆریش لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، یەكێك لە كێشەكانی سامانی ماسی لە عێراق لەناچوونی ژمارەیەكی زۆری ماسییە بە هۆكاری جیاوازەوە، لەوانە كەمئاوی، بۆیە وریایی لەوە دەدرێت ئەوانە لە بازاڕەكان ساغ بكرێنەوە.
ماجید ساعیدی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای میسان رای گەیاند، تیمە گەڕۆكەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی مرداربوونەوەی ملیۆنان ماسی و پەنجە ماسیان لە باشووری پارێزگاكە بەدی كردووە كە لە بەهاری رابردوو خراونەتە ناو ئاوەكانەوە، ئەو كێشەش لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكە هەیە.
ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵی میسان روونی كردەوە ئەو لەناوچوونە زۆرەی سامانی ماسی لە پارێزگاكە بۆ كەمیی ئاو دەگەڕێتەوە كە میسان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، چونكە پلانی هاوینەی كشتوكاڵی بڕێكی زۆری ئاوی بەكار هێناوە، بۆیە داوا لە لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەت دەكەین بە پێویستی هاتنە ناو بابەتەكە و رزگاركردنی سامانی ماسی لە میسان، بەر لەوەی بەهۆی كەمئاوییەوە بە تەواوەتی لەناو بچێت.
شایەنی باسە ساڵانە كێشەی مرداربوونەوەی ژمارەیەكی زۆری ماسی لە عێراق تۆمار دەكرێت، زۆر جار هۆكارەكەی بۆ كەمبوونەوەی ئاو و ژەهراویبوونی ماسییەكان دەگەڕێندرێتەوە، هەندێك جاریش باسی ئەوە دەكرێت بە مەبەست كراوە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پەنابردن بۆ هاوردەكردن لە وڵاتان دراوسێوە، بە گشتی ترسێكیش لەوە هەیە ئەو ماسییە مرداربووەوانە بە هەر شێوەیەك بهێنرێتە بازاڕەكان بە نرخێكی هەرزان بێتە فرۆشتن.