دوای ئەوەی لە 18ی كانوونی دووەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق هاتە سەزكردن، لەو ساتەوە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تەنیا یەك دانیشتنی ئەنجام داوە و تا گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار هیچ دانیشتنی تر ساز ناكات، ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بوونەتە دوو بەش و هیچیان ناتوانن پۆستی پارێزگار ببەن، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە دووپاتی كردەوە كە كێشەی سەركی نەبوونی متمانەی پێكهاتەكانە بە یەكتر.
حەسەن مەجید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، نەبوونی متمانە و ترسی پێكهاتەكان لە یەكتر وای كردووە ئەوان بە رێككەوتنی كۆتایی و چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی نەگەن، كە پێویستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك.
زیاتر گوتی، چارەسەركردنی تەنگژەی كەركووك پێویستی بە سازشكردنی هەموو لایەنەكانە، چونكە سووربوونی هەر لایەنێك واتە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە و بەردەوامبوونی بۆشایی ئیداری لە پارێزگاكە.
شایەنی باسە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی لەسەر خەتە و بە دوای چارەسەركردنی كێشەی كەركووكە، سازكردنی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش بە گوشار و هەڕەشەی ئەو كرا، ئێستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێ پۆستی پارێزگار بۆ خۆی بێت، ئەگەر بە خولیش بێت یەكەم خول بۆ ئەو بێت.
هەرچی پێكهاتەكانی عەرەب و توركمانن، عەرەب دەیەوێ لەگەڵ كورد بە خول دابەشی بكەن، بەڵام لەسەر ئەوەی كامەیان یەكەم خول وەردەگرێت كێشە هەیە، هەرچی توركمانە دەیەوێ خولەكانی بەسەر سێ پێكهاتەی كورد و عەرەب و توركمان دابەش بكرێت، لەوكاتە خاوەنی دوو كورسییە و عەرەب شەش كورسی و كوردیش حەوت كورسی (پێنج بۆ یەكێتی و دوو بۆ پارتی)، لەگەڵ كورسییەكی مەسیحییەكان، بوونەتە هەشت بەرانبەر هەشت كورسی و ئەنجوومەنەكە پەكی كەوتووە.