یاریزانانی ئۆڵۆمپیاد هاواریان لێ هەستاوە: نانی باشمان نادەنێ

:: PM:10:41:26/07/2024 ‌

ڕۆژنامەی "لیكیب"ـی فڕەنسی بڵاوی كردەوە، ژمارەیەك لە یاریزانانی بەشداربووی ئۆڵۆمپیاد، بەهۆی ئەو خواردنانەی بۆیان ئامادە كراوە كە بەشیان ناكات و تێری پێ ناخۆن.

بەپێی زانیاریی ئەو ڕۆژنامەیە كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی كردووتەوە، یاریزانان گلیەیی ئەوە دەكەن، ئەو ژەمە خۆراكەی پێیان دەدرێت، كەمە و وزەیان دەهێنێتە خوار، چونكە ئەوان پێویستیان بەوەیە بەردەوام خواردی پڕ وزە بخۆن، بەتایبەتی هێلكە كە زۆر بۆ یاریزانان گرنگە، كەچی وەك پێویست پێیان نادرێت.

بەهۆی ئەوەی هێلكە ڕێژەیەكی زۆری پرۆتی و چەوریی بەسوودی تێدایە، هەروەها زۆر پێكهاتەی خۆراكیی تر، هەمیشە یاریزانانی ئۆڵۆمپیات بە خواردنی یەكەم سەرەكی دادەنێن.

ئەو كۆمپانیایەی بەرپرسە لە دابینكردنی خۆراك، بە ڕۆژنامە فڕەنسییەكەی گوتووە، بەم زوانە ئەو كێشەیە چارە دەكەین و خواردنی پێویستیان پێ دەدەین.

لیژنەی ئۆڵۆمپی، خواردنی 15 هەزار وەرزشوان لە 208 وڵاتی بەشداربوو ئامادە دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاریس ئاهەنگی دەستپێكردنی 33مین یارییەكانی ئۆڵۆمپیاتی هاوینە بە بەشداری 120 شا و سەرۆك وڵات و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان بەڕێوە چوو، كە بڕیارە لە كەنار رووباری سین لە پاریس ساز بكرێت و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی ئیتاڵیا و سەرۆك وەزیرانی یۆنان و خانمی یەكەمی ئەمەریكا ئامادەی بن.



وشە - عەبدوڵا عومەر