سوودانی گرووپە چەكدارەكانی پێ كۆنترۆڵ ناكرێ و پەنا بۆ ئێران دەبات

:: PM:05:52:27/07/2024 ‌

هەفتەی رابردوو و هاوكات لەگەڵ سەردانی شاندی باڵای تەناهی و سەربازیی عێراق بۆ واشنتن و گفتوگۆكردنی لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، گرووپە چەكدارەكان چەند جارێك مووشەكبارانی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار كرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق جارێكی دەستی بە گوشارەكانی كردەوە بۆ وەستانی ئەو هێرشانە و داوای یارمەتی لە ئێران كرد.

لەوكاتەی ئەمەریكا بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خەریكە، كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن، ئاگربەستی رانەگەیەنراوی نێوان میلیشیا شیعەكانی عێراق و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، كە مەبەست لێی فەراهەمكردنی دۆخێكی لەبار بوو بۆ فەرمانڕەوایەتیی ئەو حكوومەتە شیعەی میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكانیان پاڵپشتی لێ دەكەن.

لەوكاتەی سەرەڕای مانەوەی مەترسی و هەڕەشەی داعش و پێویستیی عێراق بە چەك و مەشق و زانیاریی هەواڵگریی و هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا، حكوومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی پاساوی گرووپە چەكدارەكان لیژنەیەكی باڵای بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ واشنتن بۆ دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە پێك هێناوە و چەند گەڕێك گفتوگۆی لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكەی ساز كردووە، بەڵام ناوە ناوە میلیشیاكان بۆ گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق و رازیكردنی ئێران و سەلماندنی بوونی خۆیان، پەنا بۆ مووشەكباران و بۆردمانی درۆنی بۆمبڕێكراو بۆ بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد دەبەن.

لەو ناوەدا و بەپێی سەرچاوەكان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات گوشار لە گرووپە چەكدارە شیعەكانی سەر بە ئێران بكات بۆ وەستانی پەرەسەندن  هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندی و ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ماوەی چەند رۆژێكە دەستی بە گوشارەكانی كردووە، ئەوەش لە ترسی وەڵامدانەوە و كاردانەوەی ئەمەریكا بەرانبەریان، كە رەنگە دۆخەكە بەرەو شێوانێكی گەورەی تەناهی لە عێراق ببەن. 

سەرچاوەكان دەڵێن، سوودانی پێوەندی بە چەند كەسایەتییەكی ئێرانی كردووە بۆ گوشاركردن لە میلیشیا شیعەكان بۆ وەستانی پەرەسەندن و هێرشەكانیان لە دژی هێزەكانی ئەمەریكا و پێدانی هەلی نوێ بە حكوومەتەكەی بۆ كۆتاهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە، بەڵام تا ئەو ساتە میلیشیاكان گوشارەكانی سوودانی رەت دەكەنەوە.

هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای سەربازی و تەناهیی عێراق بە سەرۆكایەتیی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری لە واشنتن چاوی بە لوید ئۆستن، هاوتا ئەمەریكییەكەی و شاندی هاوەڵی كەوت، ئەوان لە ماوەی چەند رۆژێك سەرپەرشتیی گەڕێكی نوێی دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتیان بۆ دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق كرد، بەڵام لە سەرەتای سەردانەكە و كۆتاشیدا میلیشیا شیعەكان مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدیان لە رۆژئاوای عێراق كرد.  

حكوومەتی سوودانی باش دەزانێت كە كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق زەحمەتە، چونكە عێراق توانای پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە چەكدارە شیعەكان نییە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە هەردووكیان پێویستی بە هێزی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە، جیا لەوەی كورد و سوننە و هێزە عەلمانی و مەدەنییەكان كە لە ترسیان لە باڵادەستیی داعش و شیعە هەیە، هەمان بۆچوونیان هەیە، بۆیە وەك ئەوەی ئەمەریكا دەڵێت كە گفتوگۆكان لەگەڵ عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی هەڕەشەكانی داعش و توانای هێزەكان عێراقە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، دوای ئەوە بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییە تەناهییەكانە لەگەڵ عێراق لە داهاتوودا.

محەمەد نەعناع، شرۆڤەكاری سیاسی لەبارەی توانای سوودانی بۆ گرتنی جڵەوی گرووپە چەكدارە شیعەكانی عێراق ئاماژە دەكات، لە دۆسیەی داماڵینی چەكی ئەو گرووپانە لای هەمووان روونە كە ئەوان چەكیان بە دەستە و لە حكوومەت بەهێزترن و حكوومەت توانای داماڵینی چەكی دەستی ئەوانی نییە، جیا لەوە هەر ئەوان و هەندێك حزب بوون كە حكوومەتەكەیان گەیاندە دەسەڵات.

یاسر حوسێنی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراقیش ئاماژە دەكات، گوشارێكی ئەمەریكی بۆ سەر حكوومەتی عێراق هەیە بۆ مانەوەی هێزەكانی لە عێراق، گەڕەكانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا روون نین و بەیاننامەی عێراق لەبارەی گفتوگۆكان زۆر لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریكا جیاوازە، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە رژدی لە رۆیشتنی هێزە بیانییەكان لە عێراق نییە، تەنانەت خواستێكی سیاسی و حكوومەتی عێراقی بۆ مانەوەی ئەو هێزانە هەیە، چەند لایەنێكی سیاسی و حكوومەتیش ئامادەن هەر شتێك بكەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و كۆنترۆڵكردنی دۆخی عێراق، ئەوان ترسیان لە كاریگەریی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر خۆیان هەیە، بۆیە دەستی دەستی لەو دۆسیەدا دەكەن و گفتوگۆكان وەستان. 
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل