كێشە نائاساییەكانی سلێمانی تەواو نابن، لەوێ چەندین زەوی و موڵكی گشتی بە ناوی جیا جیا لەوانە پڕۆژە و وەبەرهێنانەوە دەكرێنە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، هیچ لایەنێكی پێوەندیداریش لەسەر كاری كۆمپانیاكان نایەتە قسە، كە چۆن زەوی و موڵكی گشتیی شارەكە دەكرێنە پڕۆژە و موڵكی تایبەت، ئەمە جگە لەوەی پێشتر بە هەزاران زەوی پارچە پارچە كران و داگیر كران و بە پارەیەكی زۆر فرۆشراونەوە.
لە تاسڵوجە ئاگر لە سنەوبەرەكان بەر درا و دواتر زەوییەكانی پارچە پارچە كران و كران بە پێشانگەی ئۆتۆمبێل، لە گۆیژە كۆمپانیایەك شاخەكەی هەڵكەند و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دەكات، لە چەند رۆژی رابردووش بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رای گەیاند، 182 دۆنم زەوی بینایەی پەروەردە دراوەتە كۆمپانیایەك و دەیكات بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئەمڕۆش كۆمپانیایەك هەڵی كوتاوەتە سەر زەویی دانیشتووانی كەنەسورەی سلێمانی و دەیەوێ بە زۆر زەوییەكانیان لێ داگیر بكات و بیكاتە پڕۆژە، لەسەر شەقامی 60 مەتریش دوو پارچە زەوی لە نزیك تایتانیك و گەڕەكی كوردسات لە ماوەی رابردوو دران بە چەند كەسێك، یەكێكیان كراوەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و ئەویتریان پڕۆژەیەكی بازرگانی.
لەوبارەوە بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نەماوە تا بتوانێت لەسەر ئەو داگیركردن و بردنی زەوی و ئەو بابەتانە ئیش بكات، هەرچەندە بە تەواوی ئەنجوومەنیش نەیدەتوانی رێگر بێت بەڵام باشتر بوو، ئەوەی روودەدات كە زەوی دەكرێ بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، چوارچێوەیەكی یاسایی هەیە و بە ناوی جۆراوجۆرەوەیە، بەڵام ئەو پڕۆژانە هیچی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و خەڵكی هەژار نییە و تەنیا بۆ دەوڵەمەندبوونی چەند كەسێكە لەسەر حسێبی موڵكی گشتی و هەمووشی خەریكە دەیكەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، چونكە دەزانن پارەیەكی زۆریان دەست دەكەوێت.
روونی كردەوە، ئەو زەوییەی گۆیژە كە دەكرێتە پڕۆژە هیچ بۆ بەرژەوەندیی خەڵك نییە، تەنیا بەرژەوەندیی سەرمایەدارەكەی تیادایەی كە پارەیەكی دەست دەكەوێت، ئەوانەی تاسڵوجە و زەوییەكانی تریش كە پێشتر كراون بە پڕۆژە، هەمووی كۆمپانیاكان كردوویانە و زەوییەكانیان وەرگرتووە بە وەبەرهێنان بێت یان شتی تر و كاری خۆیان كردووە، بۆیە هەر كەس هەڵدەستێت زەوییەك وەردەگرێت، ئەگەر زەوییەكەی گۆیژە بكرایە بە شوێنی گەشتیاری و پارك، دەیتوانی داهاتیشی هەبێت و خزمەتی خەڵكیشی دەكرد و هەلی كاریشی دروست دەكرد نەك وەك ئێستە.
لای خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پێوەست بەو پرسە بە "وشە"ی راگەیاند، پرسی زەوییەكان و ئەو بابەتانە لە دەسەڵاتی پارێزگاركاندا نییە.
مەریوان ناسر، چالاك بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، چەندین ساڵە بەو شێوەیە زەویی موڵكی گشتی دەكرێن بە پڕۆژە و دەدرێتە كۆمپانیاكان و پڕۆژەیان لەسەر دەكرێت، هیچكام لەو پڕۆژانەش خزمەت بە خەڵك ناكات، كۆمپانیاكان لە چوارچێوەی وەبەرهێنان زەوییەكان بۆ خۆیان وەردەگرن و دەیكەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.
جێی باسە، پێشتریش پەرلەمانتارانی كورستان بە داتا و زانیاری چەندین دۆسەی داگیركاریی زەوی و موڵكی گشتییان بڵاو كردووەتەوە، كە بە ناوی جۆراوجۆر و دابەشكردنی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و چەندین شتی تر، دەیان هەزار زەوی لە سنووری سلێمانی داگیر كراون و بە پارەیەكی زۆر فرۆشراون، هیچ لایەنێكیش لەو بارەوە هەڵوێستی نەبووە.
وشە/ تایبەت