ئەمشەو گەنجێكی چایچی بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێوە لەلایەن هاووڵاتییەكەوە كوژراوە و ئاسایشی سلێماینش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی رووداوەكەوە "هێزەكانی كۆماندۆ" كارمەندێكی خۆیان رادەستی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی كرد و بەهۆی رووداوەكەوە گیراوە.
بەهۆی كوژرانی گەنجەكەوە و تێوەگلانی كارمەندێكی كۆماندۆ، دەنگی ناڕەزاییەتییەكان لە نێوان گشت چین و توێژەكان بەرزبووەتەوە و هاوولآتييان پێیان وایە كە پێویستە سنوورێك بۆ هێزەكانی كۆماندۆ و دژەتیرۆری یەكێتی دابنێرێت، چونكە پێچەوانەی ئەوەی كاریان بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و تەناهیی شارەكە، بە پێچەوانەوە رۆڵ دەبینن، بە جۆرێك 10 رۆژ لەمەوبەریش لە 16ی مانگەدا، كارمەندێكی كۆماندۆ مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵی كوشت و ئێستا ئەویش بەپێی یاسای 405 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە.
لای خۆییەوە، لەبارەی چایچییە كوژراوەكەی ئەمشەویشەوە، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووك لەبارەی چایچیەكەوە "ئاری" نووسیوویەتی، شەهید ٸاری، گەنجێکی کاسبکار و خۆشەویستی هەمووان نە چایخانەکەی خۆش بوو نە شوێنەکەی، بەڵام ٸەوەندە ڕووخۆش و قسەخۆش بوو..هەر عەسرێک بۆم بکرایە لەگەڵ هاوڕێکانم ٸەچووم بۆ چا خواردن بۆ لای ٸاری وقسە خۆشەکانی.
سەركەوت ئەحمەد نووسیوویەتی، ٸەم عەسرە لای بووم، .باسی "سەیارە" پاتڕۆڵەکەی بۆ دەكردم و دەیگوت بەتەمام ٸەم زستانە بەفرێک ببارێت و بچم "سەیارەکە"م تاقی بکەمەوە.
لە بەشێكی تری نووسینەكەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، بەداخەوە، دەستێکی ڕەش مەودای ٸاری نەدا خەونەکانی بێنێتە دی.
لەبارەی رووداوەكەوە، رۆژنامەنووسێكی تری سلێمانی بەناوی مەحموود كوردی لە پەڕەی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، دەتانەوێ بە نوێژی جەماعەت و جومعەی "كۆماندۆ" فریومان بدەن.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەیشی نووسیووە، کورەکانی مام جەلال هێزی "كۆماندۆ"یان لە سەر خەڵکی سلێمانی کردووەتە "فیدائی سەدام" هەر رۆژە و کەسێک دەکوژن و تەقە لە منداڵی فەقیر و هەژار دەکەن.
لای خۆشییەوە "نەبەز رەشاد" كە رۆژنامەنووسێكی چالاكی كوردییە، لە پەیجی خۆیەوە لەبارەی رووداوەكەوە نووسیوویەتی، کۆماندۆی یەکێتی چایچی و منداڵی 16 ساڵ دەكوژێت، ئاخر ئەو گەنجە جوانە لەبەرچی بكوژرێت؟
پێشەنگ مەلازادە چاودێری سیاسیی لەبارەی بەراوردكاریی نێوان ئەركی كۆماندۆ و دژەتیرۆری یەكێتیدا كە ئەركیان گوایە پاراستنی رەوشی تەناهیی و ئاسایشی وڵاتە، بە "وشە"ی گوت، ئەندامانی كۆماندۆ و دژەتیرۆر خەریكە دەبنە مۆتەكەی هاووڵاتییانی سڤیل لە سنووری سلێمانی و بە بینینیان خەڵك لە شوێنی ئەوەی هەست بە ئارامی بكات، ترسی لێ دەنیشێت.