ڕۆژ نا ڕۆژێك سەرۆكی یەكێتی بە نمایشێكی سەربازی ماسولكەدارەوە خۆی دەكات بەناو بارەگای هێزەكانی كۆماندۆدا، ئەم هەموو بایەخ و پشتگیری و نمایشی سەربازی بافڵ وای لەو هێزە كردووە، خۆیان لێ ببێتە مارێنزی ئەمەریكی و حیساب بەهیچ یاسا و رێسا و گرووپ و كەسێك نەكەن.
لە ماوەی 10 رۆژدا كەسانی ناو ئەو هێزە كە رۆژانە لەناو شاری سلێمانی و چواردەوری خۆیان نمایش دەكەن و چاوترسێنی خەڵك دەكەن، حیساب بۆ هیچ هێزێكی تری سەربازی و تەناهیی ناكەن، دوو كەسێ سڤیلیان كوشتووە.
ئەم گرووپانە بوونەتە مۆتەكەیەكی تر، ماوەی چەند ساڵێكە بەرۆكی خەڵكی سلێمانییان گرتووە، بێدەنگی و ترسێكی زۆریشیان دروست كردووە، وای لێ هاتووە بەدەگمەن نووسەرێك، رۆژنامەنووسێك دەوێرێ رەخنەی ئەم جۆرە لە میلیشیایە بكات، سلێمانی لە شاری رەخنەوە بووە بە شاری بێدەنگی.
لەمبارەیەوە نووسەری دیاری سلێمانی عەزیز رەئووف دەنووسێت، چەتەكانی شار دەستیان گەیشتە خوێنی كاسبكار و چایچی. چەتەكانی شار ئەگەر ڕانەگیرێن، خوێنی زیاتر و تاوانی زیاتر و بێحورمەتی زیاتر بە شاری سلێمانی دەكەن.
نووسەر كە یەكێكە لە ڕەخنەگرەكانی ئەو شارە و باس لەو بێدەنگییەی سلێمانی دەكات و دەڵێت، ئەو بێدەنگییەی لەم شارە هەیە، هێندەی تر چەقۆی پیاوكوژانی تیژتر كردووە. بێدەنگی كۆی هێزەكانی تر و كۆی ڕۆشنبیران و چالاكان و پیاوانی ئاینی، بەرانبەر ئەتككردنی شار، هێندەی تر دەستی پیسی چەتەكانی لەم شارە درێژتر كردووە.
عەزیز لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی گوتووە، "چەتەكان نەگرن، ئەو تۆزە حورمەتەش نامێنێت، ئەم خوێنە نەوەستێنن هێندەی تر خوێن سەری شار و سەری چەتەكانیش دەخوات.
شەوی رابردوو كارمەندێكی كۆماندۆی سلێمانی دەستڕێژی فیشەكی لە كاسبكارێكی گەڕەكی راپەڕین كردووە و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە، لە هەمان شوێندا كەسێكی تریش بە سووكی بریندار كراوە.
رووداوەكە لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی بووە، كارمەندێكی كۆماندۆ سەردانی چایخانەیەك دەكات، بەهۆی ئەوەی دوێنی شەو لەگەڵ چایچییەكە دەمەقاڵێیان هەبووە، ئەمشەو لە هەمان شوێندا دەمەقاڵی دروست بووەتەوە و لەلایەن كارمەندەكەی كۆماندۆوە چایچییەكە دراوەتەوە بەر دەستڕێژی فیشەك و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی 10 رۆژدا، ئەمە دووەم رووداوی كوشتنی هاووڵاتییانی سڤیلە لەلایەن كارمەندەكانی كۆماندۆوە، بە جۆرێك لە 16ی ئەم مانگە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان بەهەمانشێوە لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانیی لەلایەن ئەندامێكی هێزەكانی كۆماندۆوە كوژرا.
خێڵان كانیساردی لەمبارەیەوە بۆ "وشە" دەڵێت، دۆخی سلێمانی بەهۆی ئەم گرووپ گرووپێنی هێزە سەربازییانەوە تەواو تێكچووە، كەس دڵنیا نییە سبەی چی ڕوو دەدات، هەر گرووپێك لە ناوچەیەیەك خۆی دەنوێنێت و خۆی نمایش دەكات و خەڵك دەترسێنن، ئەم گرووپانە حیساب بۆ هیچ یاسا و رێسایەك ناكەن و چییان بوێت ئەوە دەكەن، دۆخی شارەكەشیان كردووە بەدۆخێكی میلیشیایی نائارام.