ئاریان سەڵاحەدین: كوردستان بووەتە جێی سەرنجی دەرهێنەر و كۆمپانیاكانی فیلمی نێودەوڵەتی

:: PM:01:28:28/07/2024 ‌
بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سروشتی جوانی كوردستان لایەنە مێژوویی و شوێنەوارییەكەی، هۆكاری باشن تا سینەمای جیهانی بۆ رابكێشرێت و فیلمی گەورەی تێدا بەرهەم بهێنرێت.

ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، لە هەموو ڕوویەكەوە بایەخی بە فەرهەنگ و هونەر و ڕۆشنبیری داوە، بەتایبەتی هونەری سینەما. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەشی گوتووە، هەر رێنوێنی و بایەخی سەرۆكی حكوومەت وایكرد لە ماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەدا سەرەڕای قەیرانەكانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بەڵام چوار فێستیڤاڵی گەورەیی سینەمایی ساز كراون و لە هەر چوار فێستیڤاڵەكەشدا جگە لە سینەماكارانی ناوخۆ، ئەكتەر و دەرهێنەرانی سینەماكاری بیانی و ناوچەیی بانگهێشت كراون، ئەو فێستڤاڵانەش  جێی خۆیان گرتووە و سەرنجی سینەماكارانی بیانی ڕاكێشاوە.

بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی لەوەش كردووە، مەسروور بارزانی لە 2021 و لە هەشتەمین فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆك ئاماژەی بەوە دا، "سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان بۆ چوونە ناو فیلمە جیهانییەكان گونجاوە، كوردستان سروشتێكی جوان و لەباری هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی سینەماكارانی بیانی بۆ ڕابكێشرێت". 

ئاریان سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە چەندان كۆمپانیا و سینەماكار و بەرهەمهێنەری دیاری فیلمی سینەمایی هاتوون، لە داهاتووشدا سینەماكاری تریش دێن بۆ سوودبینین لە سروشت و پێگە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان.

"جگە لە سروشت و شوێنەوارە مێژووییەكان، تەناهی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، فاكتەرێكی ترن بۆ ڕاكێشانی سینەماكاران و كۆمپانیا ناودارە نێودەوڵەتییەكانی بەرهەمهێنانی فیلم تا بێنە هەرێمی كوردستان و كارە هونەرییەكانیان لێرە بكەن". ئاریان وای گوت.



وشە - سۆران عەزیز