15ی ئەم مانگە بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "موعجیزە" لە هەوڵێكی تیرۆریستی رزگاری بوو، تا ئێستە دەزگا تەناهییەكانی گەرمیان هیچ روونكردنەوەیەكیان بڵاو نەكردووەتەوە، لە كاتێكدا ئەو كەسەی لە كامێراكانەوە دەردەكەوێت بە ڕوونی دیارە و گرتەڤیدیۆكانیش دراوەتە ئاسایشی گەرمیان، ئەمە لە كاتێكدایە هێزە تەناهییەكانی سلێمانی ئەگەر بۆ رووداوێك مەبەستیان بێت بكەری رووداوەكان ئاشكرا دەكەن و دەیگرن.
ئەمڕۆ یەكشەم 28ی تەمووزی 2024، ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ لایەنێكی فەرمیی تەناهی لە سنووری گەرمیان روونكردنەوەیان نەداوە لەسەر ئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كە لە 15ی ئەم مانگە رووبەڕوومان بووەوە و بە موعجیزە رزگارمان بوو.
بەرپرسەكەی پارتی ئەوەیشی گوت، دەزگای ئاسایشی گەرمیان تەواوی کامێراکانیان ھەڵگرتووەتەوە و بردوویانە بۆ لێکۆڵینەوە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە خۆمان کردوومانە لە کامێراکانەوە؛ کەسەکە بە ڕوونی دەرکەوتووە و ئەو گرتە ڤیدیۆیانە لای ئاسایشی گەرمیانیش ھەیە کە ئەو کەسەی کردەکەی ئەنجامداوە لە کامێراکان بەڕوونی دیارە چۆن ھاتووە و چۆن ڕۆیشتووە.
لەبارەی رووداوەكەوە هێمن سه‌عید، شاره‌زاى یاسایی به "وشه"ى راگه‌یاند، لایه‌نى تەناهی و دادگا پێوەندارن له‌سه‌ر دۆسیه‌كان و رووداوه‌كانى تیرۆركردن كه لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن، چونكه ئه‌و جۆره رووداوانە مه‌ترسیدارن كاتێك به ئاشكرا بۆمب بخه‌یته ژێر ئۆتۆمبێلی كه‌سێكى به‌رپرس و ئامانجه‌كه‌ش تیرۆكردن بێت، ناكرێت به شتێكى ئاسایی وه‌ریبگریت، پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌ى رژد له‌و باره‌وه بكرێت.
روونى كرده‌وه، كرده‌وه تیرۆرستییه‌كان مه‌ترسیدارن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە، كاریگه‌ریى خراپیش دروست ده‌كه‌ن، هه‌رێمى كوردستان ناوچه‌یه‌كى ئارام و سه‌قامگیرە و ئاسایش تیایدا به‌رقه‌راره، هه‌وڵدان بۆ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى و ته‌قاندنه‌وى ئۆتۆمبێل؛ ترس و دڵه‌ڕاوكێ دروست ده‌كات و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تى ناوچه‌كه دەبێت.
لای خۆشییەوە، ئازاد عه‌لى، چالاكوان به "وشه"ى راگه‌یاند، دەرئەنجامی ئه‌و دۆخه‌ى كه هه‌یه به‌شێكى بۆ كه‌مته‌رخه‌میى یاسا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك یاسا به‌رقه‌رار نه‌بێت و رۆڵى هێزه تەناهییەكان له پاراستنى سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییان كه‌متر ده‌بێته‌وه، كارێكى له‌و شێوه‌یه كه به‌ئاشكرا هێرش بكرێته سه‌ر به‌رپرسێك و تا ئێستا ئه‌نجامده‌رى ئاشكرا نه‌بووبێت ئه‌مه سه‌یره، چونكه هێزه تەناهییەكان له رێگه‌ى لێكۆڵینه‌وه و كارى خۆیانه‌وه زۆر به زوویی ده‌توانن ئه‌و دۆسیه و كارانه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و بكه‌رەکەى ئاشكرا بكه‌ن.
په‌یوه‌ست به‌و رووداوه، دوو هەفتە پێش ئێستە، له گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕینى شارى سلێمانى، منداڵێكى ته‌مه‌ن 16 ساڵ له لایه‌ن چه‌كدارێكى كۆماندۆ ته‌قه‌ى لێكراو كوژرا، هاوكات شه‌وى رابردوو له هه‌مان گه‌ڕه‌ك، چه‌كدارێكى كۆماندۆ كه‌سێكى به ناوى ئارى ڕزگار كوشت كه پیشه‌ى چایچى بوو، چاودێران و سیاسییه‌كان و هاووڵاتییان و چین و توێژه‌كان به‌توندى دژى ئه‌و دۆخه‌ى سلێمانى هاتنه ده‌نگ كه هێزێكى تەناهیی وه‌ك كۆماندۆ ده‌یكه‌ن به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك.
جێگەی ئاماژەیە، سەر لە بەیانیی ڕۆژی دووشەم 15ی ئەم مانگە، لە کاتێکدا ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ویستوویەتی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لە گەڕەکی شەھیدانی کەلار بەرەو لق بڕوات، لەوکاتەدا بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیووەتەوە، لەبارەی كردەوەكەیشدا مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، كە به‌ئامانجگرتنی كادرانی پارتی له لایه‌ن هه‌ر لایه‌ن و گرووپێكه‌وه بێت قبووڵكراو نییه.
لای خۆشییەوە سەرۆك بارزانی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەبێ باجی ئەو كارەیان بدەن، لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی كارەكەوە رای گەیاند، کارەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجام دراوە.